نێچیرڤان بارزانی: پارتی کاردەکات بۆ ئەوەی چیدیکە خەڵکی سلێمانی و ئەو ناوچەیە نەبنە قوربانی ململانێ و ناکۆکی سیاسی

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاهەنگی ئاپۆرای جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری سلێمانی بۆ پشتگیریی لە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان دووپاتی کردەوە. پارتی کاردەکات بۆ ئەوەی چیدیکە خەڵکی سلێمانی و ئەو ناوچەیە نەبنە قوربانی ململانێ و ناکۆکی سیاسی.
دووشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە ئاهەنگی ئاپۆرای جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری سلێمانی بۆ پشتگیریی لە لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان ،نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دووپاتی کردەوە، ئامانجی پارتی چەسپاندنی دەسەڵاتی سەرانسەرییە لە هەرێمی کوردستان بۆ خزمەتکردنی تەواوی چین و توێژەکانی هەموو ناوچەکانی کوردستان بەیەکسانی و بێ جیاوازیی، ئاماژەی بەوەشدا، خەڵکی سلێمانی ماوەی چەندین ساڵە بوونەتە قوربانی ململانێ سیاسییەکان، بەتایبەتی لایەنگرانی پارتی، بۆیە حزبەکەیان کاردەکەن بۆ ئەوەی چیدیکە خەڵکی سلێمانی نەبنە قوربانیی ئەو گرژییە.
نێچیرڤان بارزانی گوتی: پارتی ئامانجی ئەوەیە، هەمیشە کاریشی کردووە حکوومەت و دەسەڵاتی سەرانسەری لە هەرێمی کوردستان هەبێت، کە بتوانێت وەک یەک و بێ جیاوازیی دەڤەرەکان خزمەتی هەموو ناوچەیەکی کوردستان بکات.
گوتیشی: خەڵکی سلێمانی و ئەو ناوچەیە، باجی زۆری ململانێ و گرژی و ئاڵۆزیی نێوان لایەنە سیاسییەکان و ڕکابەری نێوانیان داوە کە جگەلە زیان، هیچ سوودێک بۆ خەڵکی سلێمانی و دەڤەرەی تێدا نەبووە، پارتی کاردەکات بۆ ئەوەی چیدیکە خەڵکی سلێمانی و ئەو ناوچەیە نەبنە قوربانی ململانێ و ناکۆکی سیاسی.