مەسرور بارزانی بۆ هاووڵاتییان: ئەو دەرمانانە وەرمەگرن کە ستیکەریان پێوە نییە

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت: ئەو دەرمانانەی ستیکەریان لێدراوە، دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتییان کە لە پشكنین و كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەت دەرچوون.
دووشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە چوارچێوەی كۆنفرانسی ( خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی، چاکسازییەکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و ستراتیژی ڕیفۆرمی سیستەمی تەندروستیی ،چاكسازی لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان و دەرمان)، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە میانی گوتارێکیدا گوتی: كە ئەو ستیكەرانەی لەسەر دەرمانەکان هەن، دڵنیایی بە هاووڵاتی دەدات كە دەچێ دەرمانێك لە دەرمانخانە دەكڕێت، دڵنیا بێت كە ئەمانە لە پشكنین و كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكوومەت دەرچوون و هاووڵاتی دەتوانێت متمانە بەو دەرمانانە بكات.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی گوتی: داوا لە هاووڵاتیان دەكەم ئەوانەی كە سەردانی شوێنە پێویستەكان دەكەن بۆ وەرگرتنی دەرمان لە دەرمانخانەكان، ڕەچاوی ئەوە بكەن ئەم ستیكەرانە بۆ دڵنیایی ئێوەیە، هەر جۆرە دەرمانێك ئەم ستیكەرانەی پێوە نەبێت كە ڕێگەپێدراوە لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی تەندروستییەوە، تكایە ئەو دەرمانانە وەرمەگرن، چونكە ئەمانە بەدەر لە ڕێكارەكانی حكوومەت، لەوانەیە بە شێوازی قاچاخ هێنرابن.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی گوتی: بەداخەوە لە هەندێك لە خاڵە سنوورییەكانی هەرێم هێشتا دەرمانی قاچاخ هێنانی بەردەوامە و داخلی هەرێمی كوردستان دەكرێن، ئێمە هەموو هەوڵێكمان داوە بۆ ئەوەی ڕێكاری پێویست بگرینە بەر تاكوو بەقاچاخهێنانی هیچ جۆرە مەوادێك لە هیچ سنوورێكی كوردستان نەمێنێت، بەڵام هێشتا ماویەتی تا ئێمە دڵنیا بین كە هەموو خاڵە سنوورییەكان بە شێوەیەكی تۆكمە كۆنتڕۆڵ كرابن، بۆیە بەشێكی كۆنتڕۆڵ لەسەر خودی هاووڵاتی دەمێنێت كە وشیار و ژیر بێ و سەیری ئەو دەرمانانە بكەن و ئەوەی ستیكەری پێوە نەبێت، متمانەی پێ نەكەن.
سەرۆک وەزیران گوتیشی: لە بەرنامەی حكوومەت بووە بۆ دابینكردنی سیستەمی بیمە و دڵنیایی بۆ نەخۆش، بۆ كەمكردنەوەی خەرجی لەسەر هاووڵاتی و هاوكاریكردنی لە وەرگرتنی چارەسەری تەندروستیی باش و ڕێك كە پێویست بێت بۆ ئەو هاووڵاتیانەی كە ناچارن چارەسەری بەردەوام وەربگرن.