مەسرور بارزانی بۆ هاووڵاتییان: گرنگیی بە جۆری خواردن و ژیان و وەرزشکردن بدەن

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بە هاووڵاتییان دەڵێت:  گرنگیی بە جۆری خواردن و ژیان و وەرزشکردن بدەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی تەندروستمان هەبێت.

دووشەممە 14ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە چوارچێوەی كۆنفرانسی ( خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی، چاکسازییەکانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی و ستراتیژی ڕیفۆرمی سیستەمی تەندروستیی ،چاكسازی لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان و دەرمان)، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە میانی گوتارێکیدا گوتی: بابەتی تەندروستی تەنیا ئەركی حكوومەت و وەزارەت و پزیشك نییە، بەشێكی، هاووڵاتی خۆی پێویستە جۆری خواردنی، جۆری ژیانی، وەرزشكردن، گرنگیدان بە شێوازی ژیان و كەمكردنی سترێس و سەردانی نەخۆشخانەكان و پشكنینی بەردەوام، بە تایبەتی ئەو رێنماییانەی كە پزیشكەكان بە هەموانی دەدەن، زۆر گرنگە چ ئافرەت بێ و چ پیاو بێ، گەنج بێ یان بەتەمەن بێ كە هەست بەوە بكەین پێویستیمان بە پشكنینە یانیش لە هەندێك تەمەندا، زۆر باش دەبێ ئێمە ساڵانە ئەو پشكنینانە بەردەوام بكەین بەهۆی ئەوەی كە ئامێر و تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو هەیە.

سەرۆک وەزیران گوتی: دەكرێ بە دەستنیشانكردنی سەرەتای نەخۆشییەك، چارەسەرێكی باش و گونجاوی بۆ دۆزرێتەوە، لەوەی كە گرنگی پێنەدەن یان دوای بخەن تاكوو خوانەخواستە نەخۆشییەكە كاری خۆی كردبێ و ئیتر لە دەستی پزیشكیش دەربچێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكەم، ئەوانیش هاوكاری حكوومەت و پزیشكە خۆشەویستەكان بن و سەردانی بنكە پزیشكییەكان بكەن، خۆیان پشكنینی پێویست بۆ خۆیان بكەن تاكوو هەموومان پێكەوە كۆمەڵگەیەكی تەندروستمان هەبێت.