دیدگه و كارنامهی پارتی بۆ چوار ساڵی داهاتوو
لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە پەیام و بەرنامەیەکی ڕوونەوە بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و وەکو تاکە لایەن دیدگای کاری خۆی بۆ چوار ساڵی داهاتوو ڕوون کردووەتەوە.

لیستی 190ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە پەیام و بەرنامەیەکی ڕوونەوە بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و وەکو تاکە لایەن دیدگای کاری خۆی بۆ چوار ساڵی داهاتوو ڕوون کردووەتەوە.
پێچەوانەی لیست و لایەنەکانی دیکە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە پەیامێکی ڕوون و ئاشکرا، دەستی بە بانگەشە هەڵبژاردن کردووە. پارتی دەیەوێت لە ڕێگەی 14 پەیام و بەرنامەی جیاواز، خزمەتی زیاتر بە خەڵکی کوردستان بکات و ئاوەدانیی زیاتر پێشکەش بکات.
لە ڕووی ئابووری، کارگێڕی و چاکسازیی، گرنگترین کاری لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دابینکردنی مووچەیە، لەو چوارچێوەیەدا هەموو هەوڵەکانی خۆی دەخاتە گەڕ و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات مووچەخۆرانی کوردستان لە مافەکانیان بێبەش بن. پارتی پێداگریی لەسەر دابینکردنی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان و تێكڕای شایستە داراییەکان دەکات. جەخت لەوەش دەکاتەوە بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی هەوڵ دەدات مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان هاوتای عێراق بکات.
بڕگەیەکی دیکەی کارنامەی پارتی، بەردەوامییە بە پڕۆسەی چاکسازیی و دەرکردنی یاسای و رێنمایی پێویست بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ئابووریی و کارگێڕی و بەهەدەردانی سامانی گشتی. هەر لەم ڕووەوە، پارتی درێژە بە چاکسازیی کەرتی ئابووریی و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهاتی ناوخۆ دەدات، بە شێوازێک تەنیا پشت بە کەرتێکی دیاریکراو نەبەسترێت و هانی سەرمایەگوزاریی و وەبەرهێنانی دەرەکی و نێوخۆیی بکرێت.
لەم چوارچێوەیەدا بەرنامەیەکی دیکەی پارتی، پەیڕەوکردن و بەردەوامیدانە بەو ڕێنمایی و یاسایانەی بۆ شەفافییەت و بەرچاوڕوونی داهات و خەرجی دەرکراون و یاسای، ڕێنمایی و هەمواری زیاتریش بۆ زامنکردنی ئەو بەرچاوڕوونییە دەستبەر دەکات.
لە ڕووی کارگێڕییەوە درێژە بە هەوڵە یاساییەکانی کەمکردنەوەی بیرۆکراتیەت ڕۆتینەکان دەدات. هەر لەو چوارچێوەیە کار بۆ گشتگیریی بە ئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات.
بەردەوامیی بە پڕۆژەگەلی گەشەپێدان لە سەرجەم و بوار و کەرتە جیاوازەکاندا، بە لەبەرچاوگرتنی بنەمای دادپەروەریی لە گەشەپێدانی شار، شارۆچکە، شارەدێ و گوندەکانی کوردستان.
دەستەبەرکردنی دەرفەتی کار بۆ گەنجان و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان و نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک لەو بوارەدا، پەیامێکی دیکەی پارتییە و لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو گەنجانی کوردستان دەستەبەر دەکرێت.