شاندێکی قەتەری بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان گەیشتە تاران

بە مەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، شاندێکی قەتەری گەیشتە تاران ئەمەش لە کاتێکدایە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانووستانەکانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان چڕتر بوونەتەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئێرنا، ئەمڕۆ هەینی، 30ی تشرینی یەەکەمی 2026، شاندێکی قەتەری بە سەرۆکایەتی راوێژکارێکی باڵای سەرۆکوەزیرانی قەتەر گەیشتە تاران و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پێشهاتەکانی ناوچەکە.

قەتەر هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ نێوەندگیری لەنێوان واشنتن و تاران زیاتر کردووە و چارەنووسێکی خستووەتەڕوو بە مەبەستی راگرتنی دەستبەجێی ئاڵۆزییەکان و رەخساندنی زەمینە بۆ دانووستانی بەرفراوانتر.

بەگوێرەی زانیارییەکان، پێشنیازەکەی قەتەر پڕۆسەیەکی حەفت رۆژە لەخۆدەگرێت کە رێکار و هەنگاوی رۆژانەی هاوبەش بۆ دروستکردنی متمانە لەخۆدەگرێت، بە مەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و دابینکردنی دەرفەتێک بۆ بەرەوپێشبردنی رێککەوتنێکی گشتگیرتر.

بەڵام پرۆسەی نێوەندگیرییەکە بەرەوڕووی ئاستەنگێکی گەورە بووەتەوە لەسەر ریزبەندی داواکارییەکانی هەردوولا؛ واشنتن جەخت دەکاتەوە کە دەبێت لە سەرەتای دانووستانەکانەوە پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەستنیشان بکرێت، بە رێگەدان بە گەڕانەوەی دەسەڵاتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی لە هێرشەکانی پێشوودا زیانیان بەرکەوتووە.

لە بەرامبەردا، تاران داوای کردووە، پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەکەمجار گەمارۆی دەریاوانی لەسەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێت و ئاسانکاری بۆ سزادانەکانی سەر هەناردەکردنی نەوتی ئێران بکات پێش ئەوەی بیر لە سازشکردن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکاتەوە.

ئەم داواکارییە دژبەیەکە، هەوڵەکانی بۆ دامەزراندنی چوارچێوەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی دانووستانەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاڵۆزتر کردووە.