چاودێران: یەکێتی وەک هێزێکی کوردستانی مامەڵە ناکات
لە دوای ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، یەکێتی نیشتییمانی کوردستان ئاراستەی سیاسەتی خۆی گۆڕی و چیتر وەک هێزیکی کوردستانی مامەڵەی نەکردووە، بەڵکو زیاتر ڕووی لە عێراق بووە و هێزە عێراقییەکانی کردووەتە هاوپەیمانی خۆی.
سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی و بەتایبەتی خودی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی ئەو حزبە، لە دوای ڕووداوەکانی هەشتی تەممووز و سەپاندنی دەسەڵاتی تەواو بەسەر ئەو حزبەدا، کەمترین دەرکەوتنی لەگەڵ لایەنە کوردییەکان هەبووە. لە بەرامبەردا یەکێتیی نوێ مەجلیسی لە بەغدا گەرم کردووە و پەیوەندیی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بەهێز کردووە؛ بە تایبەتی ئەو هێزانەی چاویان بە قەوارەی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت و لە بۆسەدان بۆ زیان لێدانی، ئەزموونی سێ ساڵی ڕابردوو و بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیش سەلمێنەری ئەمە.
یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی سەرۆکی نوێی یەکێتی، ڕەیان کلدانی، سەرۆک بزوتنەوەی بابلیۆنە، کە لەسەرئاستی نێودەوڵەتی ناوبانگێکی خراپی هەیە و لە لیستی سزاکانی ئەمریکایە بەهۆی پێشێلکاری بۆ سەر مافەکانی مرۆڤ.
هێزگەلێکی دیکە کە یەکێتی نوێ لێیان نزیک بووەتەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانە، یەکێتی لە دوای هەڵبژاردنی 10ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021ـەوە بە تەواوی لە هێزەکانی ناو ئەم کوتەلە سیاسیە نزیکبووەتەوە، پێکەوە چەندین هەنگاویان لە دژی هەرێمی کوردستان ناوە؛ وەک هەوڵدان بۆ بەهەرێمکردنی سلێمانی، هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی پرۆژەی هەژماری من، یەکلایکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەسەر حسابی لەدەستدانی بەشێکی زۆر لە پۆستەهەستیارەکانی شارەکە لەسەر حسابی کورد، زنجیرە بڕیارە یەک لەدوای یەکەکانی دادگەی فیدراڵی دژی قەوارەی هەرێم و کۆتاکانی و هەوڵدان بۆ سەرکوتکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە.
ئەمانە هەموو دەرخەری ئەوەن یەکێتی نوێی هێندەی وەک هێزێکی عێراقی سیاسەت دەکات، نیو هێندە وەک هێزیکی کوردستانی خۆی نابینێت.