بە بڕیاری سەرۆک وەزیران، دەست بە دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی زاخۆدا دەکرێت

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ

بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دەست دەکرێت بە دابەشکردنی پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ. 

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە مێهڤان مەجید، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ سبەینێ چوارشەممە، 16-10-2024، دەست دەکرێت بە دابەشکردنی پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی دەڤەرەکە". 

گوهدار شێخۆ باسی لەوەش کرد: "لە قۆناغی یەکەمدا زەوی بە شێوەی تیروپشک بەسەر 4747 فەرمانبەرانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا دابەش دەکرێت و لە قۆناغی دووەمیشدا بە زیاتر لە هەشت هەزار فەرمانبەری دیکە دەدرێت". 

سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕوونیشی کردەوە: "دابەشکاریی زەوییەکان بە شێوەی تیروپشک دەبێت، بۆ ئەوەی ستەم لە هیچ فەرمانبەرێک نەکرێت و مافی کەسیشیان نەخورێت". 

ڕۆژی چوارشەممە، 27ی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئاساییی خۆیدا، بڕیاری دا بە تەرخانكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ناسوودمەندبوو.