بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و جێگرانی، کەرنەڤاڵە گەورەکەی پارتی دەستی پێ کرد
بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و هەر یەکە لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگرانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان؛ گەورەترین کەرنەڤاڵیی جەماوەریی پارتی بۆ سەرخستنی لیستی 190 لە یاریگەی فرانسۆ هەریری، لە شاری هەولێر دەستی پێ کرد. زیاتر لە 60 هەزار لایەنگر و ئەندامی پارتی لە کەرنەڤاڵەکەدا بەشدارن.
سەرۆک بارزانی لە کەرنەڤاڵی جەماوەری پارتی و پشتیوانی لە لیستی 190 لە یاریگەی فەرانسۆ هەریری لە گوتارەکەیدا وێڕای بەخێر هاتنی جەماوەری ئامادەبوون گوتی: جەماوەر تێکۆشە و خۆڕاگر، هەمووتان بەخێربێن ئامادەبوونتان جێگەی شانازییە، ئومێد بەخشە، هێز بەخشە. ئێوە پیشانتاندا و سەلماندتان ئا ئەمەیە پارتی.
هەروەها گوتی: شانازییەکی گەورەیە کە ئەمڕۆ کوردستان گەیشتووەتە قۆناغێک گەلی کوردستان بە هەڵبژاردن و بە ڕەئی خۆی شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان دەست نیشان دەکات. ئەمە سەرکەوتنێکی مەزنە و دەستکەوتێکی مەزنیشە. ئەمڕۆ دوا ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنە ئەم هەڵبژاردەنە دەبووایە دوو ساڵ لەمەوپێش بکرایە، بەڵام هەندێک لایەن هەر کۆسپیان دروست دەکرد و خۆیان دەدزییەوە، بە خەیاڵی خۆیان بە هەڵبژاردنێکی پێوەخت دیزاین کراو پارتی دەشکێنن.
سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، هیوادارم دوای هەڵبژاردن، هەموو لایەنەکان بە پارتیشەوە بەخۆیاندا بچنەوە، بیر لە ئایندەی هەرێمی کوردستان بکەنەوە، چۆن ئەم هەرێمە بپارێزن، چۆن گیانی برایەتییە قوڵتر بکەنەوە لە نێو ئەم میللەتە، چۆن سوود لە هەڵەکانی ڕابردوو وەربگرن، هەروەها چۆن خزمەتگوزاری باشتر و زیاتر پێشکەشی خەڵکی کوردستان بکەن، ئەمەیە ڕێگەی ڕاست.