کەشتییە سووتەمەنییەکانی ئێران لە دەریای کاریبی نزیکدەبنەوە

ئێران نزیکەی ملیۆنێک و 530 هەزار بەرمیل بەنزینی هەناردەی ڤەنزوێلاد دەکات

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی داتاکانی پێگەی رێڤێنتیڤ، کەشتییەکانی ئێران کە سووتەمەنی بەرەو ڤەنزوێلا دەگوازنەوە لە دەریای کاریبی نزیکدەبنەوە و پێشبینی دەکرێت یەکەم کەشتی سبەی یەکشەممە بگاتە سنوورە ئاوییەکانی باشووری ئەمەریکا.

بە گوێرەی داتاکانی حکوومەتی تاران و کاراکاس هەروەها خەملاندنەکان پێگەی تانکەر تراکز بە ئاستی نوقمبوونی کەشتییەکان، ئێران نزیکەی ملیۆنێک و 530 هەزار بەرمیل بەنزینی هەناردەی ڤەنزوێلاد دەکات.

بەوەش هەردوو وڵات رووبەڕووی ئەمەریکا بوونەتەوە بەوەی تاران و کاراکاس لەلایەن واشنتنەوە سزادراون. بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاش دەڵێت وڵاتەکەیان لە توێژینەوەدایە بۆ ئەوەی لەسەر ئەو هەوڵەیان سزایان بەسەردا بسەپێنێت. بەڵام ئاماژەی بە هیچ وردەکارییەکی توێژینەوەکە نەداوە.

لەم ماوەی دواییدا ئەمەریکا هێزەکانی لە دەریای کاریبی چڕ کردووەتەوە و رایگەیاند، پڕۆسەیەکی فراوان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ئەنجامدەدەن، بەڵام جۆناسان هۆڤمان گوتەبێژی کۆشکی سپی دەڵێ، هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ئەو کەشتییە ئێرانیانەوە نییە.

هەروەها وەزیری بەرگری ڤەنزوێلاش رایگەیاندووە، لەگەڵ گەیشتنی کەشتییەکان بۆ سنوورە ئاوییەکانی وڵاتەکەی سوپای ڤەنزوێلا یاوەری کەشتییە ئێرانییەکان دەکات.

Fly Erbil Advertisment