یهكێتی ئاماری جیاواز لهبارهی بهدهستهێنانی كورسی بڵاو دهكاتهوه
یەکێتی دوو دەنگۆی جیاوازی لەبارەی بەدەستهێنانی کورسیی لە هەڵبژاردنی 20ی ئۆکتۆبەر بڵاو کردووەتەوە، جارێک بەدەستهێنانی 30 کورسی و جارێکی دیکەش گوتوویانە 27 کورسی بەدەست دەهێنن.
هێشتا چەند ڕۆژێک ماوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی کوردستان، کە بڕیارە لە 20ـی ئۆکتۆبەر بەڕێوە بچێت، بەڵام یەکێتی لە بڵاوکردنەوەی ئاماری جیاواز و پێشوەختە لە ئۆرگانە فەرمییەکانی لەبارەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەردەوامە کە ئەمە گومانی لەلای پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی بەشدار لە هەڵبژاردن دروست کردووە.
یەکێتی، پێشتر دەنگۆی بەدەستهێنانی 30 کورسی پەرلەمانیی بڵاو کردووەتەوە؛ ئێستا داشکانی کردووە، گوایە 27 کورسی بە دەست دەهێنن و گومانەکان زیاتر بوون کە ئەم ئامارانە لەلایەن هیچ ناوەندێکی ڕاپرسیی نزیک یان دوور لەخۆیانەوە سەرچاوەیان نەگرتووە؛ بەڵکوو لووتکەی هەڕەمی دەسەڵاتی یەکێتی بڵاویان دەکاتەوە کە ئەمە وەکو دیزاینێکی پێشوەختە لێک دەدرێتەوە.
لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی، تۆمارێکی دەنگیی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و قوبادی برای لەبارەی هەوڵەکانی ساختەکاری ڕێکخراو بۆ هەڵبژاردن، بڵاو کردەوە هەروەها بڵاوبوونەوەی چەند دیمەنێکی دەنگدانی هێزە ئەمنییەکانیش کە یەکێتی سەرپەرشتی دەکرد گوایە دەنگدانی ئەزموونی بووە، لایەنە سیاسییەکانی هێنایە دەنگ کە وەکوو هەوڵێک بۆ ساختەکردنی دەنگی دەنگدەران یان ترساندنیان لێک درایەوە.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوایین ئاماری چاودێرانی سەر سندووقی دەنگدانی بڵاو کردووەتەوە، بە گوێرەی ئامارەکە، نزیکەی 11 هەزار چاودێری پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، هەزار و 118 چاودێری رێکخراوە ناوخۆییەکان لە هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن، چاودێریی پرۆسەکە دەکەن. هەروەها کونسوڵخانەی 13 وڵات و 17 ڕێکخراوی نێودەوڵەتی لە ڕێگەی هەزار و 372 نوێنەرەوە چاودێرییان دەبێت، ئەمە جگە لەوەی 18 کەناڵ و دەزگای ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی ڕووماڵی هەڵبژاردنی 20ـی ئۆکتۆبەر دەکەن.