بێهزاد خوسرەوی: بەفەرمانی بافڵ تاڵەبانی ڕادەستی ئێران کرامەوە
![](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/1729150371_kurdistan24.jpg)
ڕۆژی یەکشەممە 8ی ئەیلوولی 2024 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە دۆسیەی بێهزاد خوسرەوی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێهزاد خوسرەوی، ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی بەناوی ئاسایشی سلێمانی و بە فەرمانی سەرۆکی یەکێتی، ڕادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو کارە نییە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەوە خراوەتەڕوو: "ماوەیەکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامودەزگا حکومییەکانی سلێمانی بە بڕیاری حیزب بەڕێوە دەبات، دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بەرپرسیار نین لە هەڵسوکەت و ڕەفتارە نایاساییەکانی سەرۆکی یەکێتی و دامودەزگاکانیان."
بێهزاد خوسرەوی، کە خەڵکی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە دیمانەیەکی تایبەت وردەکاری ڕووداوەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "من لە کۆمپانیای سەفرە کارم دەکرد، تەلەفۆنیان بۆ مەقەڕ کردبوو ئەوانیش تەلەفۆنیان بۆ من کرد گوتیان بڕۆ بۆ ئاسایش بۆ لای ئازاد شافیعی، کە کاری پەنابەرانی ڕۆژهەڵات دەکات. چوومە ژوورەوە گوتی: مۆبایلەکەت! گوتم پێم نییە. دواتر تەلەفۆنی بۆ مەقەڕ کرد و مۆبایلەکانیان هێنام. ئەویش یەکسەر چووە سەر دەنگی عەلی و موسا باباخانی، کە هەم لە فەیسبوک هەم لە ئینیستا بڵاوم کردبووەوە. گوتیان تۆ لەگەڵ عەلی جوان مەردی دەستت هەیە و تۆ موسا باباخانیت تیرۆر کردووە، پاشان زۆریان لێدام، بە مشت و زللە و پێلەقە زۆریان لێدام، دوو سێ جار کەوتمە سەر زەوی."
بێهزاد بەردەوام بوو لە گێڕانەوەی ڕووداوەکە و گوتی: "زۆر قسەی ناشرینییام پێگوتم، دواتر هەردوو مۆبایلەکە و پاسەپۆرتەکەیان لێ وەرگرتم و گوتیان بڕۆ لەگەڵ نوێنەری حزب ڕۆژی یەکشەممە وەرەوە، منیش کاتژمێر 8ـی ڕۆژی یەکشەممە لەگەڵ کاک تۆفیق چوومەوە لای ئازاد شافیعی، ئەویش گوتی کاک تۆفیق تۆ بڕۆ، دواتر لێاندام لەپەراسوویان دام کە پەراسووم شکا، هەروەها لە دەموچاویان دام خوێنم لێ دەهات و زۆر زۆریان لێدام، دوو کاتژمێر ئاویان بەدەمو چاوم دادەکرد بە هۆش خۆم نەدەهاتمەوە. دواتر منیان بردە زیندانی فامیلی مۆڵ."
باسی لەوەش کرد: "15 تا 16 ڕۆژ لە زیندان مامەوە دواتر منیان هێناوە بۆ ئاسایش گوتیان ئازادی، منیش گوتم مۆبیل و پاسەپۆرتەکەم بدەنەوە با بچمەوە لای دایک و خوشکم. گوتیان دایک و خوشکی چی؟ دایک و خوشکت هەر نابینی، دیپۆرتی ئێرانت دەکەینەوە! منیش گوتم بۆ خاتری خوا مۆبایلەکەشم ناوێت تەنیا بەزەییتان بە دایک خوشکم بێتەوە، گوتیان باسی خوشک و دایک مەکە بەزەیمان پێدا نایەتەوە."
بێهزاد دەشڵێت: "هاتن نامەیەکیان پێ ئیمزا کردم و دەم و چاویان داپۆشیم، گوتیان بەهیچ شێوەیەک بە مەرزی باشماخ و سلێمانی دا هاتوچۆ نەکەی، حزبی دیموکرات پیس و گڵاوی وەک تۆیان ناوێ، دووبارە هەندێکی دیکە لێیان دام و عەلاگەیان کردە سەرم و گوتیان یەکسەر بیخەنە ناو ئۆتۆمبێل و بیبەن بۆ قەسری شیرین و لەوێشەوە بۆ ئێران."
گوتیشی: "لە سلێمانی لەگەڵ شاهۆی ئەحمەد زادە، کە خەڵکی مەریوان بوو کەلەبچەیان کردین و دەموچاویان داپۆشین و ئێمەیان خستە ناو پاسێکی سپی، کە لەناو پاسەکە تا 10 کەسێک دەبووین، ئاسایشەکان نانیان خوارد ئێمەش هەر لەناو پاسەکە بووین، دواتر ئێمەیان هێنا بۆ قەسری شیرین، لەوێ ئاسایشەکان ئێمەیان دایە دەست کاربەدەستانی کرماشان و هەروەها مۆبایلەکانی ئێمەشیان دایە بەرپرسانی ئێران و گوتییان ئێمە ڕادەستمان کردنەوە، ئیتر ئێوە چیان لێ دەکەن، لێیان بکەن. دواتر ئێمەیان دایە کونسوڵگەری و شەو لەوێ ماینەوە، بەڵام بۆ بەیانی ئێمەیان گواستەوە بۆ ئیتلاعاتی کرماشان و ئەوانیش هەندێک ئازاریان داین، دواتر بۆ بەیانییەکەی منیان گوستەوە بە ئیتلاعاتی سنە."