دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە
نزیکەی 216 هەزار دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە

دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد؛ نزیکەی 216 هەزار دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە و 197 بنکە کراونەتەوە.
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی گشتیی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ دوو ملیۆن و 889 هەزار و 878 دەنگدەرن کە 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن و لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆدا بەشدارن.
ژمارەی دەنگدەری تایبەت بەپێی بازنەکان:
بازنەی هەولێر: 89 هەزار و 791 دەنگدەری تایبەت
بازنەی سلێمانی: 78 هەزار و 661 دەنگدەری تایبەت
بازنەی دهــــــۆک: 46 هەزار و 556 دەنگدەری تایبەت
بازنەی هەڵەبجە: 952 دەنـگـدەری تــایـــبـەت
بۆ هەڵبژاردنی تایبەت، 165 بنکە لە هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق کراونەتەوە:
بازنەی هەولێر: 62 بنکە
بازنەی سلێمانی: 57 بنکە
بازنەی دهــــــۆک: 33 بنکە
بازنەی هەڵەبجە: یەک بنکە
نەینەوا: چوار بنکە
بەغدا: سێ بنکە
کەرکووک: یەک بنکە
ئەنبار: یەک بنکە
سەڵاحەددین: یەک بنکە
دیالە: یەک بنکە
واست: یەک بنکە
دووسبەیش یەکشەممە، 20-10-2024، هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاندووە، 24 کاتژمێر دوای تەواوبوونی پرۆسەکە، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنن.