بەرپرسێکی کۆمیسیۆن: ژمارەیەک سکاڵا لەسەر سەرپێچییەکان تۆمار کراون

بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند "ژمارەیەک سکاڵا لەسەر سەرپێچییەکان، لە بنکەکانی دەنگدان تۆمار کراون و هەر لایەنێک بەڵگەی پێ بێت، دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات".
هەینی، 18-10-2024، نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە "بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت و بوونی ژمارەیەک پێشێلکاریی لە ژمارەیەک بنکەی دەنگدان، لە سلێمانی و هەڵەبجە کرد."
بە بڕیاری لیژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بردنەژوورەوەی مۆبایل بۆ نێو بنکەکانی دەنگدان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، بەڵام بە گوێرەی چەند گرتەڤیدیۆیەک کە بەدەست کوردستان24 کەوتوون، ئەمڕۆ هەینی، ژمارەیەک ئەندامی هێزە ئەمنییەکان، مۆبایلیان بردووەتە نێو بنکەکانی دەنگدان لە سلێمانی و هەڵەبجە و وێنەی کاغەزی دەنگدانەکەیان گرتووە.
نەبەرد عومەر لەوبارەوە ئاماژەی بەوە کرد "بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، هەندێک کێشەمان هەبوون و چارە کران؛ بەڵام ئێستە ڕێگە بە هیچ کەسێک نادرێت مۆبایل بباتە نێو بنکەکانی دەنگدان." گوتیشی " ژمارەیەک سکاڵا تۆمار کراون و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان لە هەموو بنکەکانی دەنگدان هەن، هەر لایەنێک بەڵگەی پێ بێت، دەتوانێت سکاڵا لەسەر سەرپێچییەکان تۆمار بکات."
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستە ڕوو "کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ، ڕێژەیی بەشداریی لە دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە هەموو بنکەکانی دەنگدان بڵاو دەکەینەوە."
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی گشتیی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ دوو ملیۆن و 889 هەزار و 878 دەنگدەرن کە 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن و لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆدا بەشدارن.