پێنجوێن: کاندیدێکی بەرەی هەڵوێست لە لایەن یەکێتییەوە ڕفێنرا
عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی لیستی هەڵوێست ڕایدەگەیەنێت "مامۆستا عەزیز، کاندیدی هەڵوێست لە پێنجوێن لەلایەن یەکێتییەوە ڕفێنراوە و لەژێر هەڕەشەدا ڤیدیۆی پێ تۆمار کراوە."
هەینی 18ـی تشرینی یەکەمی 2024، عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی لیستی هەڵوێست لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە "لەلایەن یەکێتییەوە، مامۆستا عەزیز، کاندیدی هەڵوێست لە پێنجوێن ڕفێنراوە و لەژێر هەڕەشەدا ڤیدیۆی پێ تۆمار کراوە."
عەلی حەمە ساڵح، دەنگێکی پەیوەندیی کچەکەی مامۆستا عەزیز، کاندیدی لیستی هەڵوێستی لە لاپەڕەکەی خۆی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا دەڵێت: "کاک عەلی من کچی مامۆستا عەزیزم، ئەمشەو لە سلێمانی یەکێتی بەزۆر باوکمیان لە ماڵ بردووە و هەڕەشەیان لێ کردووە، لەژێر چەکدا دۆسییەیان بۆ کردووەتەوە، دەڵێن ئەگەر لە هەڵبژاردن نەکشێتەوە، دەیکوژن و هەڕەشە لە منداڵەکانی دەکەن."
کاتژمێر 07:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، 18-10-2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوە دەبرێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی گشتیی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان؛ دوو ملیۆن و 889 هەزار و 878 دەنگدەرن کە 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن و لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆدا بەشدارن.
بۆ گوێگرتن لە دەنگی کچی ئەو کاندیدە، کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە