رووماڵ

شاد حەیدەر: ئەگەر لە دەنگدانی گشتیشدا مۆبایل قەدەغە نەکرێت پرۆسەکە بە شەفافی بەڕێوەناچێت

شاد حەیدەر، چاودێری هەڵبژاردن لە هەڵەبجە
شاد حەیدەر، چاودێری هەڵبژاردن لە هەڵەبجە

چاودێرێکی هەڵبژاردن لە هەڵەبجە، دەڵێت: سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەڕە بۆکس دروست بوو لەنێوان نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و هێزە ئەمنییەکان لەسەر بردنەژوورەوەی مۆبایل، ئەم کارەی کە بە فشاری هێز کراوە کاریگەریی دەبێت لەسەر پاک و بێگەردی دەنگدان.

شاد حەیدەر، چاودێری هەڵبژاردن لە هەڵەبجە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە هەموو پارێزگای هەڵەبجە یەک بنکەی دەنگدانی هەیە، ئەویش بنکەی دەنگدانی قوتابخانەی بورهانە، لە 3 وێستگە پێکهاتووە، ژمارەی دەنگدەران کە دیاری کراوە بۆ وێستەگەکان 952 کەسە، سەرەتا پرۆسەکە بە شیوەیەکی ئاسایی دەستی پێکرد، بەڵام دواتر بەشێک لە دەنگدەران مۆبایلیان بردە ژوورەوە و کێشە دروست بوو.

ئەو چاودێرەی هەڵبژاردن لە هەڵەبجە، ئاماژەی بەوە دا، کۆمیسیۆن چەند ڕۆژێک پێش ئێستا بە فەرمی ڕایگەیاند کە بردنەژوورەوەی مۆبایل بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، بەڵام بە داخەوە لەو بنکەیەی کە منی لێم بە هیچ جۆرێک ڕێگری نەکراوە لە بردنەژوورەوەی مۆبایل، هەموو کەسێک مۆبایلی لەگەڵ خۆیدا بردووەتە ژوورەوە و وێنەی فۆڕمی دەنگدانەکەی گرتووە.

ناوبراو دووپاتی کردەوە، بردنەوەی ژوورەوەی مۆبایل بۆ بنکەی دەنگدان بە فشارێکی لایەنێکی سیاسی، کێشە بۆ شەفافبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن دروست دەکات، هەروەها دەرکەوت و ئەو لایەنە و ئەندامانی دژی پرۆسەی دیموکراسین و، کەواتە دەنگەکانی ئەمڕۆ هەمووی تەنیا بۆ یەک لایەنی سیاسی ڕۆیشتووە.

شاد حەیدەر، گوتی: دڵنیام بەشێک لە دەنگدەران کاتێک وێنەی فۆڕمی دەنگەکانیان گرتووە، دواتر دەنگەکەیان پووچەڵ کردووەتەوە، با ئەنجامەکان دەربچێت دڵنیام دەنگی پووچەڵ زیاتر دەبێت لە دەنگی هەژمار کراو.

هاوکات گوتیشی: سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەڕە بۆکس دروست بوو لەنێوان نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و هێزە ئەمنییەکان لەسەر بردنەوەی ژوورەویە مۆبایل، ئەم کارەی کە بە فشاری هێز کراوە کاریگەریی دەبێت لەسەر پاک و بێگەردی دەنگدان. 

سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، ئەگەر لە دەنگدانی گشتیشدا مۆبایل قەدەغە نەکرێت پرۆسەکە بە شەفافی بەڕێوەناچێت و پرۆسەی دیموکراسی هەڵبژاردن دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.

کاتژمێر 7ـی بەیانیی ئەمڕۆ هەینی 18ـی تشرینی یەکەمی 2024، پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ رد و تاکو کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

 لە بازنەی هەولێر بۆ دەنگدانی تایبەت ( 48 ) بنكەى دەنگدان دیاریکراوە و لە ئیدارەى سەربەخۆى سۆرانیش 14 بنكە، ( 82 هەزار و 470 ) ده‌نگدەر بایۆمەتری کردووە و ( 82 هەزار و 88 ) دەنگدەر کارتی بایۆمەترى وەرگرتۆتەوە و دەنگ دەدەن.

هەروەها رۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت، کۆمسیونى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ڕایگەیاندووە، 24 کاتژمێر دوای تەواوبوونی پرۆسەکە، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن ڕادەگەیەنێت.