سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی: حکوومەتی فیدراڵ لە 2013ـوە پشکی دامەزراندنی لە هەرێمی کوردستان نەهێشتووە

سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی
سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ گفتوگۆیه‌كی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی چینوتوێژه‌كانی پارێزگای دهۆك تیشكی خسته‌ سه‌ر چه‌ندان پرس و بابه‌ت، بابه‌تی دامه‌زراندن یه‌كێك بوو له‌و بابه‌تانه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران تیشكی خسته‌ سه‌ر و گوتی، چه‌ند جار گله‌ییان له‌ حكوومه‌تی فیدراڵ كردووه‌، كه‌ له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2013ـوه‌ پشكی دامه‌زراندنی هه‌رێمی كوردستانی بڕیوه‌.

سه‌رۆك وه‌زیران مه‌سرور بارزانی جه‌ختی كرده‌وه‌، حكوومه‌ت پێی خۆشه‌ هه‌ر تاكێكی هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ خاوه‌نی داهات و ده‌رامه‌تی خۆی، ئه‌مه‌ش له‌ كه‌رتی گشتی یاخود تایبه‌تی بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت هه‌موو ده‌رچوویه‌كی زانكۆ دابمه‌زرێنێت، مانای وایه‌ هیچ پرۆژه‌یه‌كی دیكه‌ی نییه‌.

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی: حكوومه‌ت ده‌بێت ده‌رفه‌تی جیا جیا بۆ خه‌ڵك به‌تایبه‌تی بۆ گه‌نجان بڕه‌خسێنێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كه‌رتی تایبه‌تدا كار بكات و ڕۆڵ ببینێت.

سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش ڕاكێشا، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵ هه‌مان ئه‌و پرسه‌یان باس كردووه‌ و ته‌نانه‌ت گله‌ییان له‌ حكوومه‌تی فیدراڵ كردووه‌، بۆچی پشكی دامه‌زراندن له‌ عێراق، هه‌رێمی كوردستان ناگرێته‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2013ـوه‌ هیچ ڕێژه‌یه‌كی بۆ هه‌رێمی كوردستان ته‌رخان كردووه‌ تاوه‌كوو گه‌نجان و ده‌رچووانی زانكۆ دابمه‌زرێندرێن، كه‌ ئه‌مه‌ش تا سه‌ر به‌رده‌وام نابێت.

 ڕوونیشی كرده‌وه‌: حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مه‌به‌ستیه‌تی ئه‌و ڕێژه‌یه‌ی پێویستی پێیه‌تی یان ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئاره‌زوویه‌كی زۆریان هه‌یه‌ بۆ كاركردن له‌ حكوومه‌ت، دایانبمه‌زرێنێت، به‌ڵام دیسان قسه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو خه‌ڵك هه‌ر نایه‌نه‌ دامه‌زراندن، ئه‌ی چاره‌نووسی ئه‌وان چی ده‌بێت؟ وه‌ڵامه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، باشترین ڕێگه‌ بریتییه‌ له‌ دۆزینه‌وه‌ و ڕه‌خساندنی هه‌لی كار و ئاسانكارییان بۆ بكرێت، به‌ تایبه‌تی كه‌ هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی چه‌ندان گه‌نجه‌ و ده‌توانن له‌ ده‌ره‌وه‌ی كاری دامه‌زراوه‌یی ناو دامه‌زراوه‌كانی حكوومه‌ت، كاری باشتر بكه‌ن و تواناكانیان به‌ شێوه‌یه‌كی باشتر بخه‌نه‌ گه‌ڕ و له‌سه‌ر حكوومه‌ته‌ هاوكارییان بكات، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا پشتیوان به‌ خوا حكوومه‌ت به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ ده‌ڤه‌ری شیلادزێ ده‌بێت.