سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی: نامانەوێت هەرێمی کوردستان تێکەڵی ئاڵۆزییەکانی ڕۆ‌ژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ گفتوگۆیه‌كی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی چینوتوێژه‌كانی پارێزگای دهۆك تیشكی خسته‌ سه‌ر چه‌ندان پرس و بابه‌ت، ئاڵۆزی و ململانێكانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست یه‌كێك بوو له‌و پرسانه‌ی قسه‌ی له‌ باره‌وه‌ كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان تێكه‌ڵی ئه‌م كێشانه‌ نه‌بێت.

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ئەو گرژییانەی لە ناوچەكە ڕوو دەدەن، بێگومان كاریگەرییان لەسەر هەموو وڵاتانی ئەو دەڤەرە دەبێت، بەڵام "ئێمە پێمان خۆش بووە و كاریشمان لەسەر ئەوە كردووە كە چەندی بكرێت كوردستان تێكەڵی ئەم كێشانە نەبێت، كوردستان تێكەڵی شەڕی خەڵكێكی دی نەبێت، ئەم شەڕە شەڕی ئێمە نییە."

هه‌روه‌ها گوتی: "ئێمە دەمانەوێ وڵاتێكی ئاراممان هەبێت و خەڵكی ئێمە بە ئارامی بژین، شەڕ بەسە و ئێمە هەموومان لە شەڕ ماندوو بووین و نامانەوێ تێكەڵی ئەم شەڕە ببین."

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌ش كرد، لەسەر ئەم بابەتە هەموو هەوڵێكیان داوە كە لەگەڵ دراوسێكانی هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی دەوروبەر بڵێن كە هەرێمی كوردستان مەترسیی نییە بۆ بەرژەوەندیی هیچ وڵاتێك و "هەر شتێكیش ئێمە بتوانین بیكەین بۆ زیادكردنی ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایشی ئەم دەڤەرە، ئامادەین بیكەین، ئێمە حەز ناكەین تێكەڵی ئەم شەڕە ببین و تێكەڵیش نابین."

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، پەیوەندییەكانی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی زلهێز یان دەرەوە لە ئاستێكی زۆر باش دایە، دیپلۆماسیەتی كوردستانی ئێستا، پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە لە ئاستێكدایە كە گەلێك وڵات حیسابی زۆر زیاتر لە هەرێمێك بۆ كوردستان دەكەن و زۆر جار وەك وڵاتێكی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكرێ لە ئوسلووبی مامەڵەی ئەوان لەگەڵ هەرێمدا، بۆیە ئێمە ڕازین.