پارتی بۆ دەنگدەران: بەشداریی لە هەڵبژاردن بکەن تاوەکوو كوردستان لە دەستی ئەمیندا بمێنێت
ئەمڕۆ شەممە، 19-10-2024، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتیدا هاتووە: بە ناوی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی پارتیمان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم بۆ سەركەوتنی گەورەی لیستی 190ـی پارتیمان لە دەنگدانی تایبەت دەكەین كە لە ڕۆژی 18ـی ئۆكتۆبەری 2024 بەڕێوە چوو.
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی داوا لە دەنگدەرانی كوردستان دەكات "بە فراوانی بەشداری لە هەڵبژاردنی سبەینێ 20ـی ئۆكتۆبەر بكەن تاوەکوو كوردستان لە دەستی ئەمیندا بمێنێت".
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
جەماوەری خۆشەویستی كوردستان..
بەناوی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی پارتیمان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم بۆ سەركەوتنی گەورەی لیستی 190ـی پارتیمان لە دەنگدانی تایبەت دەكەین كە لە ڕۆژی 18ـی ئۆكتۆبەری 2024 بەڕێوە چوو.
وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ ڕۆڵی جوامێرانە و قارەمانانەی پارێزەرانی وڵات، ئەم متمانە گەورە و گرنگەی پێشمەرگە قارەمانەكان و دەنگدەرانی دەنگدانی تایبەت بە پارتیمان، مایەی سەربەرزی و شانازیی گەورەیە.
هەروەك چۆن لە داستانە گەورەكاندا، پێشمەرگە بە گیان و خوێنی پیرۆزی خۆیان بەرگرییان لە كوردستان دەكرد، بەم دەنگدانە فراوان و زۆرەیان بۆ لیستی 190ـی پارتیمان جارێكی دیكە سەنگەری بەرگریی لە ئارامی كوردستان بۆ ئاوەدانی و خۆڕاگری زیاتر پاراست و بەمەش موژدەی سەركەوتنی گەورەتری پارتییان دا.
بە ناوی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەكانی پارتیمان دووبارە سوپاس و پێزانینمان بۆ تێكڕای دەنگدەرە بەڕێزەكانی دەنگدانی تایبەت و داوا لە دەنگدەرانی كوردستان دەكەین بە فراوانی بەشداری لە هەڵبژاردنی سبەی 20ـی ئۆكتۆبەر بكەن تا كوردستان لە دەستی ئەمیندا بمێنێ.
لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
19ی ئۆکتۆبەری 2024