چاودێران: لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕێکارە گرنگەکانی کۆمیسیۆن وەک خۆی جێبەجێ کرا

چاودێرانی نێودەوڵەتی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە سەرکەوتوویی پێناسە دەکەن و دەڵێن: تەواوی ڕێکارە گرنگەکانی کۆمیسیۆن وەک خۆی جێبەجێ کرا.
لە دوای چەندین هەڵبژاردنی ڕابردوو، یەکەمجارە 72% دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن، لەهەر چوار بازنەکە ڕێژەی بەشداریکردن %60 تێپەڕاند. ڕێکارەکانی کۆمیسیۆن وەک خۆی جێبەجێ کرا، لە کاتژمێر 7ـی بەیانی دەستی پێکرد و لە کاتژمێر 6ـی ئێوارە کۆتایی هات.
هۆشیار سەلام، چاودێری هەڵبژاردن، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆمیسیۆن پابەند بوو بەو ڕێکارانەی کە داینابوو و سەرجەمیانی جێبەجێ کرد، هەروەها ئەم هەڵبژاردنەش بە سەرکەوتوویی بەڕێوە چوو.
زیاتر لە پێنج هەزار چاودێری ناوخۆیی و هەزار و 655 چاودێری نێودەوڵەتی چاودێریی پرۆسەکەیان کرد. ڕاپۆرتەکانیان لەبارەی پرۆسەکەوە زیاتر ئەرێنی بوون، بەڵام هەندێک گرفتی تەکنیکی و پێشێلکاری ڕێکارەکانی کۆمیسیۆن هەبوون بە تایبەت لە ڕۆژی دەنگدانی تایبەتدا.
لای خۆیەوە شاخەوان سەباح، چاودێری نێودەوڵەتی، گوتی: دەبوو هاووڵاتی پێش ئەوەی پرۆسەی دەنگدان بەڕێوە بچێت، بچووبان کێشەی پەنجەمۆر و دەهێنانی کارتی دەنگدانیان چارە کردبا، رێژەی بەشداریکردن ئەم جارە لە هەڵبژاردن بەراور بە هەڵبژاردنەکانی دیکە زۆر باش بوو.
یەکشممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، پرۆسەکە لە کاتژمێر 7ـی بەیانی دەستی پێکرد و کاتژمێر 6ـی ئێوارە کۆتایی هات. دوو ملیۆن و 686 هەزار و 578 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەبوو.
دووشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2024 عومهر ئهحمهد محهممهد، سهرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: هەڵبژاردن زۆر بە باشی بەڕێوەچوو، چونکە هەموو ئامادەکارییەک کرابوو بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە.
سهرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سهربهخۆی ههڵبژاردنهكانی عێراق، دەڵێت: لەو هەڵبژاردنە 2087972 کەس بەشدارییان لە دەنگدان کردووە، ئەمڕۆ %99.63ـی ئەنجامەکان ڕادەگەیەنین، هەروەها ڕێژەی بەشداریکردن لەم هەڵبژاردنە %72 بووە.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، ئەنجامەکان بەرایین و تانەیان لێنادرێت، و دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی فەرمی ئەو کاتە تانەی لێدەدرێت.