ئەمەریکا و فەرەنسا و بەریتانیا داوای زوو دەستبەکاربوونی پەرلەمانی کوردستان دەکەن

ئاڵای ئەمەریکا و فەرەنسا و بەریتانیا
ئاڵای ئەمەریکا و فەرەنسا و بەریتانیا

ئەمەریکا و فەرەنسا و بەریتانیا پێشوازیی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن و داوای زوو دەستبەکاربوونی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دەکەن. 

ئەمەریکا پێشوازیی لە هەڵبژاردنەکانی کوردستان دەکات

ئەلینا ڕۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا نووسیویەتی "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پیرۆزبایی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو پارتە سیاسییەکان دەکات بە بۆنەی تەواوبوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانی عێراق".

ڕۆمانۆوسکی ڕوونیشی کردووەتەوە "ستافی نێردراوی ئەمەریکا لە عێراق چاودێری هەڵبژاردنەکانیان کردووە لە بنکەکانی دەنگدان لە سەرانسەری هەرێمەکەدا و ئێمە ستایشی خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەین بۆ پابەندبوونیان بە دیموکراسی".

ڕۆمانۆوسکی ئاماژەی بەوە داوە "کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕووبەرووی هەندێک ئاستەنگ لە خوێندنەوەی پەنجەمۆردا بوو." بالیۆزی ئەمەریکا بە پێویستی دەزانێت پێش هەڵبژاردنەکانی داهاتوو "کۆمسیۆن ئەم کێشەیە چارە بکات".

ڕۆمانۆوسکی داوای پێکهێنانی حکوومەتی نوێ "بەبێ دواکەوتن" دەکات و دەڵێت "ئێمە داوا لە هەموو پارتە سیاسییەکان و هێزە ئەمنییەکان دەکەین ڕێز لە ڕۆڵی گرنگی مێدیا و کۆمەڵگەی مەدەنی لە پرۆسەی دیموکراسیدا بگرن".

باڵیۆزی ئەمەریکا هاوکات نووسیویەتی "دانانی حکوومەتێکی نوێ ڕێگە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدات دامەزراوە دیموکراسییەکانی بەهێز بکات، مافەکانی مرۆڤ پێشبخات، گەشەی ئابووری بەرەوپێش ببات، و توانای بەرگریی هەرێمی کوردستانی عێراق بەهێز بکات وەک بەشێک لە عێراقێکی ئارام، سەقامگیر و خاوەن سەروەری".

فەرەنسا: دڵخۆشین بە بەشداری بەرفراوانی دەنگدەران

پاتریک دورێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی "باڵیۆزخانەی فەرەنسا پێشوازیی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە یاساییەکان لە هەرێمی کوردستان لە 20ی ئۆکتۆبەر دەکات. دڵخۆشین بە بەشداری بەرفراوانی دەنگدەران."

دورێل هاوکات ئاماژەی بەوە داوە "ئەم دەنگدانە هەنگاوێکی سیاسیی گرنگە بۆ هەرێمی خۆبەڕێوەبەر و عێراق بە گشتی".

بەریتانیا داوای زوو پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دەکەن

کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پێشوازیی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد. 

ئاماژە بەوەش کراوە: "ڕێژەی بەرزی بەشداریی پەیامێکی بەهێزە بۆ پشتیوانی لە نوێبوونەوەی ڕەوایی دیموکراسی." هەروەها دەشڵێت: "چاوەڕوانی دەستبەکاربوونەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم دەکەین لە زووترین کاتدا."

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

ڕۆژی هەینی، 18-10-2024، دەنگدانی تایبەت و ڕۆژی یەکشەممەش، 20-10-2024، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە چوو. بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تێکڕا نزیکەی سەدا 70ـی دەنگدەران بەشدارییان لە هەردوو دەنگدانەکەدا کردووە. 

بۆ زانینی ڕێژەی دەنگ و ژمارەی کورسی لایەنە سیاسییەکان کلیک لەسەر ئەم لینکە بکە

 
 
 
Fly Erbil Advertisment