لێژنەیەکی باڵا بۆ پێداچوونەوە و وردبینیی ناوی مامۆستایانی وانەبێژی خوێندنی باڵا پێک دەهێنرێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا
وەزارەتی خوێندنی باڵا

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاری پێکهێنانى لێژنەیەکى باڵا و تایبەتی دا بەمەبەستى پێداچوونەوە و وردبینیى ناو و سەرەتاکانى سەرجەم مامۆستایانى وانەبێژى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى.

چوارشه‌ممه‌، 23ـی تشرینی یه‌كه‌می 2024، ئارام محه‌ممه‌د قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ فه‌رمانی وزاری ژماره‌ (2557) بڕیاری پێکهێنانى لێژنەیەکى باڵا و تایبەتی دا بەمەبەستى پێداچوونەوە و وردبینیى ناو و سەرەتاکانى سەرجەم مامۆستایانى وانەبێژى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ "ئامانج لە پێکهێنانى ئەم لێژنە باڵایە وردبینى و پێداچوونەوەیە بە ناوى سەرجەم ئەو وانەبێژانەى کە بە گشتاندنمان بە ژمارە (17338) لە ڕێکەوتى 4/ 9/ 2024 لە زانکۆکانى کوردستان داوا کراوە و بە نووسراوى زانکۆکان ئاراستەى وەزارەتەکەمان کراوە و ڕەزامەندى دارایی بۆ بەگرێبەستبوونیان دەرچووە."

ئارام محه‌ممه‌د قادر، هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، پێكهێنانی ئه‌م لێژنه‌یه‌ بۆ دڵنیابوونەوەى سەرجەم وانەبێژانى هەرێمى کوردستانیشە لە ڕاستى و دروستى ناوەکانیان و کارکردنی وه‌زارته‌كه‌یان لەسەر هەمان سێکوچکە و پرەنسیپەکانى شەفافیەت، دادپەروەرى و دەرفەتى یەکسان لە تەواوى پرۆسەکەدا، هاوكات بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م وانه‌بێژان له‌ چوارچێوه‌ی ڕێنماییه‌كاندا سوودمه‌ند بن.