سەرۆکی حکوومەت: داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەم، بێنە پاڵ پرۆژەی بونیادنانەوە و گەشەپێدانی نیشتمان

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ئەو سەرکەوتنەی لەم هەفتەیەدا لە هەڵبژاردنەکان بەدەستمان هێنا، ئەو ئەرکەی نوێکردەوە کە لە لایەن گەلەوە پێمان سپێردراوە. گوتیشی: ئێستا لە قۆناخی ئامادەکاریداین بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی کوردستان.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2024 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیيانی زانكۆی كوردستان - هەولێر بەڕێوە چوو.
سەرۆکی حکوومەت لە ئاهەنگەکەدا وێرای پیرۆزباییکردن لە دەرچووان و کەسوکاریان ئاماژەی بەوە كرد، ئەم ئاهەنگی دەرچوونە چركەساتێكی مێژووییە لە ژیانی قوتابیيانی دەرچوو و خێزانەکانیان، بۆیە مرۆڤ، شانازی و هیوا لە چاوەكانی دەرچووان دەبینێت، لە كاتێكدا ئەوان خۆیان بۆ قۆناغێكی نوێی ژیانیان ئامادە دەكەن.
هەورەها دەڵێت: كە دەرچوونی ژمارەیەکی دیکە لە قوتابیيان، بەشداریيهکی گرنگە لە پێشخستن و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە و هیوای خواست کە ڕۆڵێکی دیاریان لە بونیادنانی ئایيندەیەکی گەش بۆ کوردستان و بەرزكردنەوەی پێگە و ناوبانگی هەرێمی كوردستان هەبێت.
سەرۆکی حکوومەت لە گوتارەكەیدا گوتی: ئەو سەرکەوتنەی لەم هەفتەیەدا لە هەڵبژاردنەکان بەدەستمان هێنا، ئەو ئەرکەی نوێکردەوە کە لە لایەن گەلەوە پێمان سپێردراوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانمان، بۆیە داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم كە بێنە پاڵ پڕۆژەی نیشتمانیمان بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵات لە ڕێگەی خستنەگەڕی تواناكانی سەرجەم دامەزراوە پەروەردەیی و فێركارییەكان.
گوتیشی: ئێستا لە قۆناخی ئامادەکاریداین بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، کە پێویستە حکوومەتکە لە ئاستی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكانی داهاتوو بێت، ئەمەش دەخوازێت زیاتر هاوكاریی لە نێوان دامەزراوەكاندا هەبێت.