کۆریای باکوور بۆ پشتیوانی ڕووسیا، بەشداری شەڕی ئۆکرانیا دەکات
دەزگای هەواڵگریی ئۆکرانیا دڵنیای دەدات سەربازانی کۆریای باکوور بۆ پشتیوانی ڕووسیا هاتوونەتە سنووری ئۆکرانیا بۆ بەشداری کردن لە جەنگ.
هاوکات وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکاش جەخت دەکاتەوە؛ پەنابردن بۆ کۆریای باکوور، نیشانەی ئەوەیە ڤلادیمیر پوتن لەشەڕی ئۆکرانیا تووشی بێ هیوایی بووە و زیانەکانی زۆر لەوە زیاترن کە لە مێدیاکانەوە باسی لێ وەدەکرێت.
دێوەزمەی جەنگی جیهانی دەرکەوتووە، وڵاتانی نیمچە دوورگەی کۆریا بەتەواوی نزیکن لەوەی لە شەڕی رووسیا و ئۆکرانیاوە تێوبگلێن، دەزگای هەواڵگریی ئۆکرانیا دڵنیای دەدات سەربازانی کۆریای باکوور بۆ پشتیوانی ڕووسیا هاتوونەتە سنووری ئۆکرانیا و بەشداری لە جەنگەکە دەکەن.
یۆن سۆک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور لە دیمانەیەکدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دەستەوەستان نابێت لە ناردنی هاوکاری سەربازی و سەرباز لەلایەن دراوسێ باکووریەکەیەوە بۆ پشتیوانی کردنی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا.
هاوکات، وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور جەخت دەکاتەوە؛ سێ هەزار سەربازی کۆریای باکوور ڕەوانەی رووسیا کراون و لەوێ مەشق دەکەن، بەمزوانەش دەچنە بەرەکانی جەنگەوە لە ئۆکرانیا. پیۆنگ یانگ تا کۆتایی ئەمساڵ سەربازی زیاتر بۆ پشتیوانی کردنی ڤلادیمیر پوتن دەنێرێت.
هەرچی پەیوەستە بە هاوپیمانی ناتۆوە، هاوپەیمانێتییەکە ناردنی سەرباز لەلایەن کۆریای باکوورەوە بۆ ئۆکرانیا بە ڕەفتارێکی ناشرین و دروستکردنی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی تەواوی جیهان دەزانن، چونکە ئەوە بەزاندنی سنووری ئەورووپایە. لە درێژەی ئەم کاردانەوانە؛ سابرینا سینگ، جیگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا دەڵێت؛ داوای هاوکاری لە پیۆنگ یانگ نیشانەی لاوازی و شپرزەیی ڤلادیمیر پوتنە، هەنگاوەکانی کۆریای باکووریشی بۆ تێوەگلان لەشەڕی ئۆکرانیا بە مەترسییەکی ڕژد وەسفکرد.
سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا دەڵێت: "ڤلادیمیر پوتن توشی شپرزەیی تەواو بووە، هەربۆیە پەنای بۆ کۆریای باکوور بردووە. زیانەکانی ڕووسیا لەم شەڕەدا نزیکەی 500 هەزار کەس دەبێت، هەربۆیە کۆریای باکوور دەچێتە شەڕەکەوە. بەوردی ئاگامان لە پەیوەندییەکانی مۆسۆ و پیۆنگ یانگە و چاودێریی دەکەین، پوتن لە جێبەجێکردنی پلانەکانی شکستی هێناوە".
لەنوێترین هەنگاویشدا، پەرلەمانی ڕووسیا ناسراو بە دۆما ڕەزامەندی لەسەر پەیوەندی ستراتیجی ڕووسیا و کۆریای باکووردا، یەکێک لە بنەماکانی ئەم ڕێککەوتنە ئاڵوگۆڕە سەربازییە.
لەبەرامبەردا، ڤلادیمیر پوتن لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا سەربازانی کۆریای باکوور هاوکاریان دەکەن لەشەڕی ئۆکرانیا، گووتی؛ پێویست بەوە ناکات، بەڵام ڕووسیا ڕەنگە چەک بۆ کۆریای باکوور بنێرێت.
لای خۆیەوە، وەزارەتی بەرگریی ئۆکرانیا جەخت دەکاتەوە؛ 12 هەزار سەرباز و 500 فەرماندەی کۆریای باکوور لە سنووری هەرێمی کۆرسک هاوشانی ڕووسیا دژی هێزەکانیان دەجەنگن.
لە شوباتی 2022، ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، دەیان هەزار ئۆکرانی کوژران و ئاوارەبوون، هەروەها بەشێكی زۆریان بە زۆرەملێ گواسترانەوە بۆ خاکی ڕووسیا، نزیکەی یەک لەسەر پێنجی خاکی ئۆکرانیاش لەلایەن ڕووسیاوە داگیر کراوە.