پێنج هاووڵاتییە ون بووەکەی کوێستانەکانی شنۆ ڕزگارکران

تیمی مانگی سووری شنۆ لە کاتی ڕزگارکردنی هاووڵاتییان گیرخواردوو لە کوێستانەکان (وێنە: ئێرنا)
تیمی مانگی سووری شنۆ لە کاتی ڕزگارکردنی هاووڵاتییان گیرخواردوو لە کوێستانەکان (وێنە: ئێرنا)

پێنج هاووڵاتیی ون بوو لە بەرزاییەکانی دەرگامێشی سنووری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە نێو بەفردا گیریانخواردبوو، لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتن لە مردن ڕزگارکران.

حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری مانگی سووری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ هەینی 25ی تشرینی یەکەمی 2024، ڕایگەیاند، ئەو هاووڵاتییانەی لە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممەوە بەهۆی نەبوونی کەلوپەل و پێداویستی گونجاو لە شاخ و لەنێو بەفردا گیریانخواردبوو، بەڵام دواجار لەلایەن تیمەکانی مانگی سووری شنۆ توانرا ڕزگار بکرێن.

مەحبوونی بە ئاژانسی ئێرنای ڕاگەیاندووە، لە شەوی ڕابردووەوە دوو تیمی چوار کەسی و شارەزا لە کوێستانەکانی شنۆ چوونەتە شوێنی ون بوونی، ئەو پێنج هاووڵاتییە و دوای گەڕانێك زۆر و چەند کاتژمێریی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە هەر پێنجیان ڕزگارکراون.

گوتیشی: پێنج ڕزگارکربووەکە بەهۆی سەرماوە تووشی سڕبوون، بوون و بە پەلە گواستراونەتەوە نەخۆشخانەی گشتیی بۆ ئەوەی هەرچی زووە چارەسەریان بۆ بکرێت.

پێشتر، فەخرەدین مام عەلی، سەرۆکی بەشی مانگی سووری شنۆ ڕایگەیاندبوو، چوار هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ لە بەرزاییەکانی کێلەشین ون بوون و چەند تیمێکیان بۆ ڕزگارکردنیان ڕەوانەی شاخەکە کردووە، چونکە بەهۆی بەفر و سەرماوە ژیانیان لە مەترسییە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا یەکەم شەپۆلە بەفرین ئەم ساڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند ناوچەیەکی گرتەوە و لە سنووری شارۆچکەی شنۆدا  نزیکەی 40 سانتی مەتر بەفر باریوە. 

زستانی ساڵی ڕابردوو سێ شاخەوان بەهۆی هەرەسی بەفرەوە لە کوێستانەکانی شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان سپارد و دوای شەش ڕۆژ لە هەڵمەتی گەڕان توانرا تەرمەکانیان بدۆزرێتەوە.