پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ کۆچی دوایی پرۆفیسۆر جۆیس بلەو

سەرۆک بارزانی بۆ کۆچی دوایی پرۆفیسۆر جۆیس بلەو، نووسەر و زمانناس و زانای فەڕەنسی، ڕایگەیاند: "پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری دەکەم و ناوبراو دۆستێكی گەورەی گەلی كوردستان بوو كە خزمەتێكی زۆری پێشكەشی زمان و ئەدەبی كوردی".
ئەمڕۆ هەینی 25ـی تشرینی یەکەمی 2024، بەهۆی کۆچی دوایی پرۆفیسۆر جۆیس بلەو، نووسەر و زمانناس و زانای فەڕەنسی، سەرۆک بارزانی پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاو کردەوە.
سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند، "بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی پرۆفیسۆر (جۆیس بلەو)ـم نووسەر و زمانناس و زانای فەڕەنسی پێ گەییشت. "
ئاماژەی بەوە دا، پرۆفیسۆر جۆیس بلەو پاڵپشت و دۆستێكی گەورەی گەلی كوردستان بووە و خزمەتێكی زۆری پێشكەشی زمان و ئەدەبی كوردی و ئینستیوتی كوردی لە پاریس كردووە.
سەرۆک بارزانی گوتیشی: پرۆفیسۆری خوا لێخۆشبێت حەقی لەسەر هەموومان هەیە و پەرۆشی و زەحمەتەكانی بۆ خزمەتكردنی كورد لەبیر ناكرێن.
دەقی پرسەنامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی نووسەر و زمانناس و زانای فەڕەنسی پڕۆفیسۆر خاتوو (جۆیس بلەو)ـم پێ گەییشت. خاتوو (جۆیس بلەو) پاڵپشت و دۆستێكی گەورەی گەلی كوردستان بوو كە خزمەتێكی زۆری پێشكەشی زمان و ئەدەبی كوردی و ئەنستیتوی كوردی لە پاریس كردووە و حەقی لەسەر هەموومان هەیە و پەرۆشی و زەحمەتەكانی بۆ خزمەتكردنی كورد لەبیر ناكرێن.
پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكار و ئاشنا و هاوكارانی خوالێخۆشبوو خاتوو (جۆیس بلەو) و هەموو نووسەر و زمانناسانی كورد دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.
ڕۆحی خوالێخۆشبوو خاتوو (جۆیس بلەو) شاد و یادی هەمیشە بەرز بمێنێت.
مسعود بارزانی
25ی تشرینی یەكەمی 2024