سەرۆکایەتی هەرێم: سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەین ئەمڕۆ ئێرانیان کردە ئامانج
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا، سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەکەن کە ئێرانیان کردووەقە ئامانج.
شەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2024، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا، سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەکەن کە ئێرانیان کردووەتە ئامانج.، ئەمە دەقی بەیاننامەکەیە.
سهركۆنهى ئەو هێرشە ئاسمانییانە دەکەین کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئێرانیان کردە ئامانج، داوا لە هەموو لایەک دەکەین دان بەخۆیاندا بگرن و هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری پێکدادان و ئاڵۆزییەکان. پەرەسەندنی شەڕ و لێکەوتەکانی، هەڕەشە لە سەقامگیريی تەواوی ناوچەکە دەکات.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 26-10-2024، سوپای ئیسرائیل بە زیاتر لە 100 فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئێران، ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوەی هێرشە بەرفراوانەکەی ئێران بوو کە بە مووشەکی بالیستیک لە 1ـی ئۆکتۆبەردا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
هەر ئەمڕۆ شەممە، 26ـی ئۆکتۆبەری 2024، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، "به پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان زانیوە." ئاماژەی بەوەش کرد "ئێران مافی بەرگرییکردنی لە خۆی هەیە لە دوای ئەو لێدانەی ئیسرائیل."
لە لایەکی دیکەوە،
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "عێراق پێشتر هۆشداری دابوو سەبارەت بە لێکەوتە مەترسیدارەکانی دەرئەنجامی بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هەڵسوکەوتی دڕندانەی ئیسرائیل بەرامبەر گەلەکەمان لە فەڵەستین و هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان و سووریا و ئێران."
باسم عەوادی گوتیشی: "عێراق بە توندترین شێوە ئەم دەستدرێژییەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئیدانە دەکات
هاوکات،ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردەوە؛ ئارتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا "کوژرانی دوو سەربازی خۆی لە ئەنجامی هێرشی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند.