هێلی ئاسمانیی میسر گەشتەکانی بۆ عێراق ڕادەگرێت

فڕۆکەی هێلی ئاسمانیی میسر
فڕۆکەی هێلی ئاسمانیی میسر

کۆمپانیای هێلی ئاسمانیی میسر گەشتەکانی بۆ عێراق ڕاگرت و دەڵێت: بەهۆی ئەوەی ناوچەکە بۆ دۆخێکی ناهەموار تێدەپەڕێت سەرجەم گەشتەکان تا ئاساییبوونەوەی بارودۆخەکە ڕادەگیرێن.

ئەمڕۆ شەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2024 کۆمپانیای هێلی ئاسمانیی میسر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، سەرجەم گەشتەکانی بۆ عێراق هەڵپەسارد و بەهۆی ئەوەی ناوچەکە بە دۆخێکی ناهەموار تێدەپەڕێت و کاتێک گەشتەکان دەستپێدەکەنەوە کە بارودۆخ ئاسایی بێتەوە.

کۆمپانیاکە ڕایگەیاند، بەدەر لە عێراق، ئەمڕۆ گەشتەکانی بۆ شاری عەممانی ئوردنیش هەڵوەشاندەوە.

ڕاگرتنی گەشتەکانیش دوای ئەوە هات بەرەبەیانی ئەمڕۆ، وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستی پێ کردووە و چەند شوێنێکی وڵاتەکەی بۆمباران کرد.

دوای بۆردومانەکەش وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق ڕایگەیاند، هاتوچۆی ئاسمانی بەتەواوی لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق بەشێوەیەکی کاتی ڕاگیراوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق باسی لەوە کرد، بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکەوە، هاتووچۆی ئاسمانی عێراق ڕاگیراوە، ئەمەش بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی فڕۆکەوانی مەدەنی لە ئاسمانی عێراقدایە".

بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک لە ڕاگرتنی هاتووچۆی ئاسمانی، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، عێراق گەشتە ئاسمانیەکانی دەست پێکردەوە.

Fly Erbil Advertisment