کێن ئەو سەرۆکانەی دوو خول لەسەر یەک سەرۆکایەتیی ئەمەریکایان کردووە

کۆشکی سپی
کۆشکی سپی

لە میانەی کێبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، کە بڕیارە ڕۆژی 5-11-2024، بەڕێوە بچێت، دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان هەوڵ دەدات خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بباتەوە، بەمەش دەچێتە ڕیزی ئەو سەرۆکانەی ئەمەریکا، کە دوو خولی سەرۆکایەتییان بەدەست هێناوە، جا چ خولی یەک لە دوای یەک بێت یاخود نا.

لە نێوان سەدەی بیست و بیست و یەکدا، شەش سەرۆکی ئەمەریکا 'وودرو ویلسۆن، دوایت ئایزنهاوەر، ڕۆناڵد ڕیگان، بیل کلینتۆن، جۆرج بوشی کوڕ و باراک ئۆباما' توانیویانە دوو خول سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بکەن. بەڵام فرانکلین ڕۆزڤێڵت، لە ماوەی ساڵانی 1932، 1936، 1940 و 1944 چوار خولی لەسەر یەک سەرۆکایەتیی ئەمەریکای کردووە. هەروەها ویلیام مەکینل، تەنها چەند مانگێک دوای دەستپێکردنی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی، لە ساڵی 1901دا تیرۆر کرا.

جۆرج واشنتۆن

 

جۆرج واشنتۆن

جۆرج واشنتۆن، یەکەم کەس بووە کە دوو خولی سەرۆکایەتیی ئەمەریکای بەدەست هێناوە؛ یەکەم هەڵبژاردن لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 1788 تا 7ـی 1ـی ساڵی 1789 بەڕێوە چوو، جۆرج واشنتۆن بە ڕێژەی 100% لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا سەرکەوتنی بەدەست هێنا، بەو پێیەی تاکە کاندید بوو لەو کاتەدا، لە هەمان کاتدا جۆن ئادەمز پۆستی جێگری سەرۆکی ئەمەریکای وەرگرت.

پاشان، لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا کە لە ساڵی 1792 بەڕێوە چوو، بۆ خولی دووەم بە ڕێژەی 100% سەرکەوتنی بەدەست هێنا، ئەم جاریش هەر بەتەنیا کاندید بووە.

تۆماس جێفرسۆن

 

تۆماس جێفرسۆن

سەبارەت بە تۆماس جێفرسۆن، ئەو دووەم کەس بووە کە دوو خول سەرۆکی ئەمەریکا بووە، کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1800دا بەسەر هاوتا فیدراڵیەکەی، جۆن ئادەمز سەرکەوت، هەروەها لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1804، جێفرسۆن خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ئەمەریکای بردەوە. ئەویش بە ئاسانی لە ڕکابەرە فیدراڵیەکەی، چارڵز کۆتسوۆرس بینکلی بردەوە.

جەیمس مادیسۆن

 

جەیمس مادیسۆن

هەروەها لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1808، کاندیدی پارتی دیموکرات-کۆماری، جەیمس مادیسۆن، توانی کێبڕکێی سەرۆکایەتی لە بەرژەوەندی خۆیدا یەکلایی بکاتەوە، دوای ئەوەی لە کاندیدی فیدراڵی، چارڵز کۆتسوۆرس بینکلی بردەوە، کە ئەو کاندیدە بۆ دووەمجار لەسەریەک دۆڕا. 

هاوکات مادیسۆن لە ماوەی هەلبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 1812دا، سەرکەوتنێکی سەختی بەسەر ڕکابەرەکەیدا بەدەست هێنا، بەم شێوەیە بۆ خولی دووەم بۆ ماوەی 4 ساڵ بووەوە بە سەرۆکی ئەمەریکا.

جەیمس مۆنرۆ

 

جەیمس مۆنرۆ

جگە لەوەش پارتی دیموکرات جەیمس مۆنرۆ ی وەک کاندیدێک بۆ کێبڕکێی سەرۆکایەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاندیدی فیدراڵییەکان ڕوفۆس کینگ، لە ماوەی ساڵی 1816دا ناساند.

بەهۆی داڕمان و پاشەکشەی بەرچاوی پارتی فیدراڵی کە خەریک بوو نەمێنێت، مۆنرۆ سەرکەوتنێکی ئاسانی بەدەست هێنا، لە هەڵبژاردنەکانی دواتردا، جەیمس مۆنرۆ تاکە کاندید بوو بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، چونکە ڕووبەڕووی هیچ کێبڕکێیەکی بەرچاو نەبووەوە لەلایەن هیچ کاندیدێکەوە.

ئەندرۆ جاکسۆن

 

ئەندرۆ جاکسۆن

دوای دامەزراندنی پارتی دیموکرات، ئەندرۆ جاکسۆن لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1828دا خۆی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا کاندید کرد، لەم هەڵبژاردنانەدا جاکسۆن ڕووبەڕووی جۆن کوینسی ئادەمز سەرۆکی دەستلەکارکێشاوە بووەوە، بە پێچەوانەی ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا لە ساڵی 1824 ڕوویدا، کە دوای بڕیارێکی کۆنگرێس بە شکست کۆتایی هات، جاکسۆن ئەمجارە  بە ئاسانی سەرکەوتوو بوو لە بردنەوەی کێبڕکێکە. لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لە ساڵی 1832، جاکسۆن خولی دووەمی بەدەست هێنا دوای ئەوەی لە هێنری کلەی، کاندیدی کۆماری نیشتمانیی بردەوە.

ئەبراهام لینکۆڵن

 

یولیسس گرانت

لە بەرامبەردا یولیس ئێس گرانت، یەکەم کەس بوو کە دوای شەڕی ناوخۆیی ئەمەریکا دوو خولی سەرۆکایەتیی ئەمەریکای بەدەست هێنا. لە ماوەی جەنگی نێوان ساڵانی 1861 بۆ 1865، کە ئەبراهام لینکۆڵن خولی دووەمی بەدەست هێنابوو، بەڵام نەیتوانی خولی دووەم تەواو بکات چونکە لە شانۆی فۆرد، تیرۆر کرا.

لە ماوەی ساڵی 1868دا، کاندیدی کۆمارییەکان، یولیس گرانت، بە ئاسانی لە هاوتا دیموکراتەکەی، هۆراتیۆ سیمۆری بردەوە، دواتر لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1872دا دووبارە گرانت دەنگی جەماوەری بەدەست هێنایەوە.

گرۆڤەر کلیڤلاند

 

گرۆڤەر کلیڤلاند

لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1884دا، کاندیدی دیموکراتەکان گرۆڤەر کلیڤلاند، شکستی بە ڕکابەرە کۆماریخوازەکەی، جەیمس جی، هێنا، هەروەها لە هەڵبژاردنەکانی دواتردا، کلیڤلاند هەوڵی دا بۆ خولی دووەم سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بەڵام لە لایەن ڕکابەرەکەیەوە بنیامین هاریسۆن، کە کۆماریخواز بوو،  شکستی هێنا، پاشان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 1892دا جارێکی دیکە ئەم دوو کاندیدە ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە. بەڵام ئەمجارە کلیڤلاند سەرکەوتوو بوو لە بردنەوەی خولی دووەم و بەم شێوەیە بوو بە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا کە دوو خولی جیاواز بباتەوە.