پەرلەمانی عێراق دەنگدان لەسەر چەند پرۆژەیاسایەک دوادەخات

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێو پەرلەمانتاران و نەگەیشتن بە ڕێککەوتن، پەرلەمانی عێراق دەنگدانی لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەک دواخست.

ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر چەند تەوەرێکی هەستیار و گرنگ کۆ بووەوە، تەوەرەکانیش بریتیبوون لە؛ پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتیی، پرۆژەیاسای هەمواریی یاسای باری کەسێتی ساڵی 1959 و پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش و گەڕانەوەی موڵکە داگیرکراوەکانە بۆ خاوەنەکانیان و پرۆژەیاسای خزمەت و خانەنشینیی حەشدی شەعبی.

دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ناکۆکی لەنێوان پەرلەمانتاران لەسەر پرۆژەیاساکانی هەمواری باری کەسێتی، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش و خانەنشینی حەشدی شەعبی، دروستبوو، موحسێن مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت دەنگدانی لەسەر ئەو چەند پڕۆژەیاسایانە دواخست.

 هەروەها شوان کەلاری، جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق سەرەتا 174 پەرلەمانتار ئامادەیبوون و کۆبوونەوەکە دەستی پێکرد، دواتر سوننەکان دەستیان کرد بە کێشە دروست کردن.

ئاماژەی بەوە دا، سوونەکان بیانووی نایاساییان هەبوو، داوای ئەوەیان دەکرد وەزیری دارایی و بەرگریی عێراق ئامادەی دانیشتنەکە بن، لە کاتێکدا بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لە ڕۆژی دەنگدان و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاساکاندا وەزیری بۆی نییە بێتە پەرلەمان، تەنیا دەتوانێت لەکاتی خوێندنەوەی دووەمدا بێت.

 جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: زۆر بە داخەوە تا ئێستاش لەناو پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتار هەیە بە ئاشکرا داکۆکی لە بڕیارەکانی رژێمی بەعس دەکات و نایانەوێت بڕیارەکانی بەعس هەڵوەشێتەوە تا زەوییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان بگەڕێندرێنەوە.