پەرلەمانی عێراق دانیشتنەکەی ئەمڕۆی بۆ کاتێکی نادیار هەڵگرت

بەهۆی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی لەنێو پەرلەمانتاران و نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر دەنگدان بۆ هەموارکردنەوەی چەند پرۆژەیاسایەک، پەرلەمانی عێراق دانیشتنەکەی ئەمڕۆی بۆ کاتێکی نادیار هەڵگرت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی تشرینی یەکەمی 2024، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر چەند تەوەرێکی هەستیار و گرنگ کۆ بووەوە، تەوەرەکانیش بریتیبوون لە؛ پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتیی، پرۆژەیاسای هەمواریی یاسای باری کەسێتی ساڵی 1959 و پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش و گەڕانەوەی موڵکە داگیرکراوەکانە بۆ خاوەنەکانیان و پرۆژەیاسای خزمەت و خانەنشینیی حەشدی شەعبی.
بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان پەرلەمانتاران لەسەر پرۆژەیاساکانی هەمواری باری کەسێتی، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش و خانەنشینی حەشدی شەعبی، سەرەتا موحسێن مەندەلاوی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە وەکالەت، دەنگدانی لەسەر ئەو چەند پڕۆژەیاسایانە دواخست، بەڵام دواتر دانیشتنەکەی بۆ کاتێکی نادیار هەڵگرت.
هەروەها شوان کەلاری، جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق سەرەتا 174 پەرلەمانتار ئامادەیبوون و کۆبوونەوەکە دەستی پێکرد، دواتر سوننەکان دەستیان کرد بە کێشە دروست کردن.
ئاماژەی بەوە دا، سوونەکان بیانووی نایاساییان هەبوو، داوای ئەوەیان دەکرد وەزیری دارایی و بەرگریی عێراق ئامادەی دانیشتنەکە بن، لە کاتێکدا بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لە ڕۆژی دەنگدان و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاساکاندا وەزیری بۆی نییە بێتە پەرلەمان، تەنیا دەتوانێت لەکاتی خوێندنەوەی دووەمدا بێت.
جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: زۆر بە داخەوە تا ئێستاش لەناو پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتار هەیە بە ئاشکرا داکۆکی لە بڕیارەکانی رژێمی بەعس دەکات و نایانەوێت بڕیارەکانی بەعس هەڵوەشێتەوە تا زەوییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان بگەڕێندرێنەوە.