سبەی حکوومەتی تورکیا لەسەر قۆناغی نوێی چارەسەریی کۆ دەبێتەوە

حکوومەتی تورکیا
حکوومەتی تورکیا

سبەی حکوومەتی تورکیا لەسەر هەردوو بابەتی قۆناغی چارەسەری و هێرشی سەر کۆمپانیای پیشەسازیی ئاسمانیی و بۆشاییگەری کۆدەبێتەوە.

سبەی 28ـی تشرینی یەکەمی 2024،  کابینەی حکوومەتی تورکیا لەسەر چەند پرسێکی هەستیار کۆدەبێتەوە، سەرەکیترینیشیان قۆناغی نوێی چارەسەریی و هێرشەکەی هەفتەی رابردووی کۆمپانیای پیشەسازیی ئاسمانیی و بۆشاییگەریی لە ئەنقەرە دەبێت. 

بە سەرۆکایەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، سبەی کابینەی حکوومەت کۆدەبێتەوە، بابەتە سەرەکییەکان بریتی دەبن لە، هێرشەکەی کرایە سەر کۆمپانیای پیشەسازیی ئاسمانیی و بۆشاییگەریی لەگەڵ هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەی کورد.

هاوکات کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی پەکەکە و یەپەگە لە عێراق و سووریا دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا باس لە هەنگاوەکانی ئایندە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئابووریی و بەلاوەنانی قەیرانەکان لەو وڵاتە دەکرێت.

 چاوەڕێ دەکرێت دوای کۆبوونەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا تەواوی وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکات.