ئۆزگور ئۆزەل: لەپێناو ئاشتی کۆمەڵایەتی یەک هەنگاویش بۆ دواوە ناچین
نزیکەی دوو هەفتەیە لە تورکیا باس باسی ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە بەڵام کەسێک هەیە، سەرەڕای دەسەڵاتی رەهای لە تورکیا و پێگەکەی، تەنیا جارێک ئاماژەی بە بانگەوازی ئازادکرندی ئۆجەلان داوە. ئەردۆغان دوای بانگەوازەکەی باخچەلی رایگەیاندبوو، پێشوازیی لێدەکات و هیواخوازە ئەم هەوڵە لەبار نەبرێت، دوای ئەم لێدوانە هیچ قسەیەکی دیکەی نەکردووە کە ڕاستەوخۆ مەبەستی ئەو بابەتە بێت.
بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی لەبارەی ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و چەکدادانی پەکەکە نەک تەنیا لە تورکیا، بەڵکو لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان دەنگی داوەتەوە، زۆرێک لە سیاسەتوان و لێکۆڵەران و هەموو ئەوانەی پەیوەندییان بەو بانگەوازەوە هەیە قسەیان کردووە جا چ دژی بانگەوازەکە بێت یان پاڵپشتی بکات، ئەوەی سەیرە بێدەنگییەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغانە.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، دەڵێت: لە ڕووکەش وا دیارە کە بانگەوازەکە هی باخچەلییە، بە شێوەیەکی دیکە باخچەلی ڕۆڵی گوتەبێژیی هاوپەیمانێتیی کۆماریی دەگێڕێت، ئێمە بۆ چارەکردنی کێشەی کورد، پەرلەمان دەکەین بە ناونیشانی ئەو چارەییە. دەوڵەت باخچەلیش ئاماژەی بە پەرلەمان دا، پێویستە ئەردۆغانیش کۆتایی بەو بێدەنگییە بێنێت، ئەرکی گوتەبێژەکە واتە دەوڵەت باخچەلی کۆتایی هاتووە، دەبێت ئەردۆغان روونکردنەوەیەک بە گەلەکەمان بدات. گوتیشی: لەپێناو ئاشتی کۆمەڵایەتی یەک هەنگاویش بۆ دواوە ناچین.
لای خۆیەوە تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، دەڵێت: بە بۆچوونی من پێویستە ئەم مشتومڕانەی کە هەیە بگاتە ئەنجامێک. ئاخۆ پرۆسەیەکی نوێ دەبێت یان نا؟ خەڵک تامەزرۆیە بیزانێت. پێویستە سەرۆک کۆماریش ئیدی قسە بکات چونکە پارتی دەسەڵاتدار لە چارەکردنی ئەم بابەتە گرنگترین ناوەندیی بڕیارە.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، هیوادارم لە ماوەیەکی نزیکدا قسە لەبارەی پرسەکەوە بکرێت، لەهەمووشیان گرنگتر چارەکردنی کێشەی کورد لە زەمینەیەکی دیموکراسی و دانوستان ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکی گەورەیە بەسەر هەموومانەوە.
دەشڵێت: بەهۆی چارەنەکردنی ئەم کێشەیە، لە کەرتەکانی ئابووری و سیاسەتی ئەم وڵاتە هەڵوەشانەوەیەکی جددی هەیە، هیوادارم ئاکپارتی و سەرۆک کۆمار هەڵوێستێکی جیاواز لەوانی ڕابردوویان هەبێت.
شرۆڤەکاران و ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی ئەو بێدەنگییەی ئەردۆغان بۆ دوو هۆکار دەگەڕێننەوە، یەکێکیان ئەوەیە کە ئەردۆغان دەیەوێت لەسەر باخچەلییەوە بۆچوونی خەڵک وەربگرێت و بزانێت ئاخۆ لە هەنگاویکی وەها خەڵک کاردانەوەی چی دەبێت. ئەوەی دووەمیش بەکارهێنانی باخچەلییە چونکە باخچەلی توندڕەوترین کەسایەتیی سیاسییە لە تورکیا، ئەردۆغان دەیەوێت ئەو بکاتە قەڵغان و وا بکات هیچ کەس و کایەنێک نەتوانێت نەتەوایەتییی بەسەرییەوە بفرۆشێت.