پلاتفۆرمی ئێکس هەژماری ڕێبەری ئێرانی داخست

دوای بڵاوکردنەوەی پەیامەکانی بە زمانی عیبری لە هەژمارە نوێکەیدا، تۆڕی کۆمەڵایەتیی "X" هەژماری عیبریی ڕێبەری ئێران، عەلی خامنەیی ڕاگرت.

بەگوێرەی مێدیاکانی ئێران "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ئەو هەژمارەی ڕێبەری ئێران ڕاگیراوە، هەروەها نامەیەکیش لە پلاتفۆرمەکەوە هاتووە کە تێدا نووسراوە 'ئەو هەژمارانەی سەرپێچی یاساکان دەکەن ڕادەگیرێن.' بەڵام ڕوونی نەکردووەتەوە ئەو پێشێلکارییانە چین کە لە هەژمارەکەی خامنەیی ڕوویان داوە."

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە ئیسرائیل ڕۆژی شەممەی ڕابردوو بۆ یەکەمین جار بە ئاشکرا هێرشی کردە سەر هەندێک پێگەی سەربازیی ئێران.

ڕۆژی یەکشەممە عەلی خامنەیی لە وتارێکیدا ڕایگەیاند "هێرشەکانی ئیسرائیل 'نابێت گەورە بکرێنەوە، ناشبێت بچووک بکرێتەوە." بەڵام بە ڕوونی داوای تۆڵەسەندنەوەی نەکردووە.

ڕێبەری ئێران ڕۆژی یەکشەممە، پەیامێکی بە زمانی عیبری بڵاوکردەوە کە نووسرابوو "بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان."

هەروەها پەیامی دووەمی خامنەیی کە بە زمانی ئینگلیزی نووسرابوو تێیدا هاتووە "زایۆنییەکان لە حیساباتەکانیان سەبارەت بە ئێران هەڵە دەکەن، ئێران ناناسن، هێشتا نەیانتوانیوە بە باشی لە هێز و ئیرادەی گەلی ئێران بگەن."

نووسینگەی خامنەیی ساڵانێکە چەندین هەژماری 'ئێکس'ـی بۆ ڕێبەرە تەمەن 85 ساڵانەکەی کردووەتەوە کە بە چەندین زمان پەیامی بڵاو کردووەتەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، 26-10-2024، سوپای ئیسرائیل بە زیاتر لە 100 فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئێران؛ ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوەی هێرشە بەرفراوانەکەی ئێران بوو کە لە 1ـی ئۆکتۆبەردا بە مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا دوو سەربازی ئێرانی کوژران.