ئەڵمانیا 36 پەنابەری هەرێمی کوردستانی گەڕاندووەتەوە بەغدا
کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا: ژیان و گوزەرانی پەنابەران سەخت بووە

ئەڵمانیا لە 22ـی ئەم مانگە قۆناغی دووەمی پەنابەرانی هەرێمی کوردستانی ڕەوانەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کردەوە، کە پێکهاتبوون لە 36 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان.
بەکر علی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "لە سۆنگەی خەمخۆریی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بەئەرکی سەرشانمان زانی کۆمەڵێک زانیاری ورد پشتبەستوو بە سەرجەم یاساکانی ئەڵمانیا و بەریتانیا سەبارەت بە پەنابەران بخەینە ڕوو، کە بڕیار وایە ئەڵمانیا کۆمەڵێک پەنابەر ڕەوانەی وڵاتەکانیان بکاتەوە لەوانەش هەرێمی کوردستان، بۆیر دەمانەوێت ئەم زانیارییانە بدەینە ئەوانەی ڕۆڵەکانیان لەدەرەوەی وڵاتە یاخود ئەوانەی خۆیان ئامادە کردووە بچنە دەرەوەی وڵات."
بەکر علی ئاماژەی بەوەش کرد "ئەڵمانیا لە 22ـی ئەم مانگە، قۆناغی دووەمی پەنابەرانی هەرێمی کوردستانی ڕەوانەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کردەوە، کە پێک هاتبوون لە 36 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان، کە سەڵت و خیزانیشیان تێدا بووە. ئەوپەنابەرانەش بە زۆرەملێ و دوور لە بەهاکانی مافی مرۆڤ دیپۆرتکراونەتەوە، کە بەشێکیان خەڵکی دهۆک و بەشێکیشیان خەڵکی هەولێر و سلێمانین."
سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا گوتیشی: " ئەمە دووەم کاروانی پەنابەرانی هەرێمی کوردستانە کە ئەڵمانیا لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دیپۆڕتی کردوونەتەوە". گوتیشی: "ئێمە پێشتر داوامان لە دادگای فیدراڵی کردووە، کە نابێت حکوومەتی عێراق ئەو پەنابەرانەی بەزۆرەملێ دەنێردرێنەوە، وەریان بگرێتەوە، چونکە بەشێکی زۆریان کێشەی کۆمەڵایەتیان هەبووە."
بەکر عەلی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "دووبارە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین وەکو تورکیا و میسر دژی ئەو ڕێککەوتن و بڕیارە بوەستنەوە کە بەزۆرەملێ پەنابەران وەرگرنەوە."
ڕاشیگەیاند "ڕێککەوتنامەیەک لەمانگی ئاداری ئەمساڵ لە نێوان ئیتاڵیا و ئەلبانیا کراوە، کە هەر پەنابەرێکی نایاسایی بچێتە ناو کەناراوەکانی ئیتاڵیا، لەوێ دەستبەسەربکرێت و لە کەمپەکانی ئیتاڵیا لە ئەلبانیا بهێڵرێنەوە، ئەم ڕێککەوتنەش لە 22 مانگ چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، کە 16 پەنابەر ڕەوانەی ئەلبانیا کراون تاوەکوو کەیسەکانیان یەکلایی دەبێتەوە. ئەوەش ڕوون بووەتەوە کە پەنابەران لە دۆخێکی خراپدان، بەداخەوە ئیستا ئەڵمانیاش بەنیازە ڕێککەوتنێکی هاوشێوەی ئیتاڵیا بکات."
هەروا گوتی: "پێشتر بەریتانیا لەسەردەمی فەرمانڕەوایی پارتی پارێزگاران لەهەوڵی ئەوەدا بوون 118 هەزار و 882 پەنابەر ڕەوانەی ڕواندا بکەن، بەڵام دوای گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن پارتی کرێکارانەوە ئەو کەیسە داخرا، کە ئێستا پارتی کرێکاران بڕیاری داوە لە کۆی ئەو ژمارەیە 62800 پەنابەر کەیسەکانیان یەکلای بکاتەوە و مافی پەنابەریان پێ بدات."