سبەینێ پەرلەمانی عێراق لەسەر چەند پرۆژە یاسایەک کۆ دەبێتەوە

سبەینێ سێشەممە، 29-10-2024، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر چەند پرسێک کۆ دەبیتەوە، ئەونایش بریتین لە؛ پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتیی، پرۆژەیاسای هەمواریی یاسای باری کەسێتی ساڵی 1959 و پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ڕژیمی بەعس و گەڕانەوەی موڵکە داگیرکراوەکان بۆ خاوەنەکانیان و پرۆژەیاسای خزمەت و خانەنشینیی حەشدی شەعبی.

 ڕۆژی یەکشەممە، پەرلەمان لەسەر ئەو پرۆژە یاساییانە کۆ بووەوە، بەڵام بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان پەرلەمانتاران لەسەر پرۆژەیاساکانی هەمواریی باری کەسێتی، هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ڕژێمی بەعس و خانەنشینی حەشدی شەعبی، دەنگدان لەسەر ئەو چەند پڕۆژەیاسایانە دوا خرا.

هاوکات، شوان کەلاری، جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دانیشتنی ڕۆژی یەکشەممە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو "لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق سەرەتا 174 پەرلەمانتار ئامادەبوون و کۆبوونەوەکە دەستی پێ کرد، دواتر سوننەکان دەستیان کرد بە کێشە دروست کردن."

ئاماژەی بەوەش دا "سوونەکان بیانووی نایاساییان هەبوو، داوای ئەوەیان دەکرد وەزیری دارایی و بەرگریی عێراق ئامادەی دانیشتنەکە بن، لە کاتێکدا بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لە ڕۆژی دەنگدان و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاساکان، وەزیر بۆی نییە بێتە پەرلەمان، تەنیا دەتوانێت لەکاتی خوێندنەوەی دووەمدا بێت."

 جێگری سەرۆکی لێژنەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: "زۆر بە داخەوە تا ئێستاش لەناو پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتار هەیە بە ئاشکرا داکۆکی لە بڕیارەکانی رژێمی بەعس دەکات و نایانەوێت بڕیارەکانی بەعس هەڵوەشێتەوە تا زەوییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکانیان بگەڕێنرێنەوە."