کۆمپانیاکانی 15 وڵاتی جیهان لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی وەبەرهێنانی خانووبەرە بەشدارن

سێشەممە 29-10-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێنجەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی وەبەرهێنانی خانووبەرەی لە هەولێر كردەوە.

سەرۆكی حكوومەت لە میانی بەسەركردنەوەی پێشانگەكەدا، سەردانی سەرجەم بەشەكانی كرد و لە نزیكەوە لەگەڵ وەبەرهێنەران و خاوەن كۆمپانیاكان گفتوگۆی لەبارەی پرۆژە و كارەكانیان و دیزایین و نەخشەی پرۆژەكانیان كرد.

پێشانگەكە بە بەشداریی چەندین كۆمپانیا و بەڵێندەر و وەبەرهێنەر كراوەتەوە، كە كۆمپانیاكانی تایبەت بە بوارەكە لە 15 وڵاتی جیهان بەشدارییان تێدا كردووە، دیارترینیان كۆمپانیاكانی ڕۆژهەلاتی ناوەراست و ئاسیا و ئەورووپا و باکووری ئەمەریکان و بڕیارە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام بێت.

لەو چوار ڕۆژەدا، پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر لە کاتژمێر 10ی بەیانییەوە تاوەکوو 7ی ئێوارە کراوە دەبێت بۆ پێشوازیی لە هاووڵاتییان و ئەو وەبەرهێنەرانەی بەدوای دەرفەتی باشتری وەبەرهێنانەوەن.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment