لە سنووری کەرکووک هەشت چەکداری داعش کوژران

ئەمڕۆ چوارشەممە، 30-10-2024، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، دۆزینەوەی تەرمی 8 ئەندامی سەرکردایەتیی داعشی ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی بە فڕۆکەی ئێف 16ـی عێراقی لە پارێزگای کەرکووک هێرشیان کرایە سەر.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "دوو ڕؤژ لەمەوبەر بە فڕۆکەی F_16، چوار هێرشیان کردووەتە سەر چەکدارانی داعش لە زنجیرە چیای حەمرین."

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشەکان، ئاماژەی بەوەش کردووە "دوای ئەم ئۆپەراسیۆنە، ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزێکی ئەمنیی هاوبەش لە هێزە تایبەتەکانی سوپای عێراق لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی کەرکووک، چوونە شوینی هێرشەکە و تەرمی هەشت چەکداری داعشیان دۆزیوەتەوە کە لەو هێرشەدا کوژرابوون، لە نێو کوژراوەکاندا سەرکردەی ئەو گرووپەی تێدابووە."

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە "هێزەکانی عێراق، لە شوێنی ڕووداوەکەدا چەک و ئامێر و کەرەستەی تەقینەوە و لۆجستی و ئامێری پەیوەندییەکانیان دۆزیوەتەوە، چونکە شوێنەکە بارەگایەکی سەرەکی ئەو چەکدارانە بووە."

 

 
 
Fly Erbil Advertisment