کەنەدا کۆچبەران بە ڕێژەی سەدا 21 کەم دەکاتەوە

کەنەدا
کەنەدا

کەنەدا ڕۆژی پێنجشەممە 24 ی تشرینی یەکەمی 2024 ڕایگەیاند "لە ساڵی داهاتووەوە ئاستی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی بۆ پەنابەران بە ڕێژەی 21٪ کەم دەکاتەوە، ئەمەش بەشێکە لەو گۆڕانانەی لە ئاراستەی پرسی کۆچبەران دەکرێت و بە وەرچەرخانێکی بنەڕەتی دەناسێنرێت، بەتایبەتی بۆ  ئەو کۆچبەرانەی لە وڵاتە گەشەسەندووەکانەوە  دێنە کەنەدا و بەدوای هەلومەرجی ژیانێکی باشتردا دەگەڕێن."

سەرۆک وەزیرانی کەنەدا جەستن ترودۆ گوتی: "کۆچبەران بۆ داهاتووی کەنەدا گرنگن، بەڵام دەبێت کۆنترۆڵ بکرێن."

ئەم ڕێوشوێنە دوای زنجیرەیەک کۆتوبەند دێت کە ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی ڕێژەی کۆچبەرانە دوای ئەوەی ژمارەی دانیشتووان لە سەرەتای ئەمساڵدا بۆ 41 ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە، بەراورد بە35 ملیۆن کەس بەر لە 10 ساڵ. 

ترۆدۆ دەڵێت: "ئەو ڕێکارە لەپێناو بە ئارامیی گەیشتنە بە گەشەسەندنی دیموگرافیمان لە هەموو ئاستەکاندا، لەگەڵ کاتی زیاتر بۆ وەبەرهێنانی پێویست لە بوارەکانی چاودێریی تەندروستی و نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی."

مارک میلەر، وەزیری کۆچبەرانی کەنەدا لەبارەی ئەو بڕیارەوە گوتی: "ئەوە پلانێکی بێوێنەیە کە تا ئێستا داڕێژرا بێت." دەشڵێت: "پلانەکە وەڵامدەرەوەی هەموو ئە ڕەخنانەیە کە پێشتر ئاراستەی حکوومەت دەکران."

میلەر ئاماژەی بەوەش کرد "پلانەکە یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی کێشەی نیشتەجێبوون کە ئێستا وڵاتەکەیان هەیەتی، بە کەمکردنەوەی دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون کە هەندێکیان ئێستا دروست دەکرێن."

بەڵام زیاتر لە 120 ڕێکخراو و کۆمەڵگەی مەدەنی لە پەیامێکدا دەڵێن: "پەنابەران بەرپرس نین لەو کێشەیەی لە بواری نیشتەجێبووندا هەیە، یاخود لە کەمیی دەستکەوتنی کار و نەبوونی چاودێریی تەندروستی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان،" دەڵێن: "ئەو کێشانە بۆ سەردەمێک لە سیاسەتی فیدراڵی و هەرێمی دەگەڕێتەوە."

 
 
Fly Erbil Advertisment