شوان کەلاری: سوننەکان نایانەوێت سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرن

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، سوننەکان نایانەوێت کەسێک بۆ سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرن.
شوان کەلاری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سوننەکان نایانەوێت کەسێک بۆ سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرن و دەنگەکانیان پەرش و بڵاو کردووەتەوە.
شوان کەلاری گوتی: ئێستا دەنگەکان جیا دەکەنەوە، هەست دەکرێت هەموو کاندیدەکان دەنگیان بۆ دراوە، بەگوێرەی ئەو دابەشکارییەی کراوە، هەست دەکرێت نەیانەوێت ئەو پرسە یەکلا بێتەوە،سووننەکان کۆدەنگیان هەیە بۆ ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان هەڵنەبژێردرێت.
دەشڵێت: دەنگەکانیان بڵاو پێکردووە بۆ ئەوەی کەسێک 165 دەنگی بۆ نەڕوات، عامر عەبدولجەبار کاندیدی شیعەیە خۆی لێرە نییە، کەچی دەنگی بۆ دراوە، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەنگەکان پەرش و بڵاو بکرێنەوە.
گوتیشی: دکتۆر مەحموود مەشهەدانی لەپێشە، بەڵام پێم وایە یەکلا نەبێتەوە و نەتوانێت 165 دەنگ بەدەست بێنێت.
گوتی: سووننەکان دەیانەوێت دوای حەلبووسی کەسێکی دیکە نێتە پەرلەمان، ئەوان وێنایەک دەدەنە خەڵکی عێراق کە هێندە لاوازن ناتوانن سەرۆکێک بۆ خۆیان هەڵبژێرن.
شوان کەلاری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد،سووننەکان خۆیان ڕێک ناکەون، یەک لە سیناریۆکان ئەوەیە نایانەوێ کەسێک بۆ سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرن.
ڕۆژی 14ـی 11ـی 2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەرکرد.
دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وەک سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت پۆستەکە بەڕێوە دەبات تا کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2024 پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆ بووەوە، سەرەتا 195 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکە بوون، دواتر ژمارەکە بەرز بووەوە بۆ نزیکەی 225 پەرلەمانتار.