رووماڵ

خدر مەنتک: چانسی مەحموود مەشهەدانی بۆ بوون بە سەرۆکی پەرلەمان زۆرە

خدر مەنتک، ئەندامی پەرلەمانی عێراق
خدر مەنتک، ئەندامی پەرلەمانی عێراق

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، چانسی مەحموود مەشهەدانی زۆرە بۆ بوون بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

پێنج شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2024، خدر مەنتک، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە بڕوای ئەوان لە گەری دووەمی دانیشتەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ یەکلا کردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکلا دەبێتەوە، گوتی:مەحموود مەشهەدانی 13 دەنگی مابوو دەربچێت، لە پشووی نێوان گەڕی یەکەم و دووەم، هەندێک جووڵەی سیاسی لایەنەکان کرا بۆ ئەوەی پرسەکە یەکلا بکرێتەوە، چونکە ماوەیەکی زۆرە بۆشایی بوونی سەرۆکی پەرلەمان هەیە، هەندێ لایەنی سیاسی هەوڵیاندا بۆ ئەوەی پرسەکە یەکلا بکرێتەوە، گوتیشی:ئەوە لە بەرژەوەندی مەحموود مەشهەدانی یەکلا  دەکرێتەوە چونکە دەرچوونی مسۆگەر ترە.

خدر مەنتک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لایەنە سیاسییەکان هەوڵ دەدەن پرسەکە یەکلا بکەنەوە، ئەوانەی لە گەڕی یەکەم نەهاتنە ژوورەوە، لە گەڕی دووەم هاتنە ژوورەوە، باوەڕ ناکەم ڕێژەکە کەم بێتەوە.

گوتی: سەرۆکی پەرلەمان هی هەموو عێراقە، بەڕێوەبردنی حکوومڕانی لە عێراق پێویستی بە ڕێککەوتنی سەروو، لەگەڵ کۆ دەنگی و دانیشتنی سەرکردە سیاسییەکان هەیە ، هیچ پرۆژە یاساییەک بۆ بەرژەوەندی لایەنێک تێناپەڕێت مەگەر بە ڕێککەوتنی سیاسی نەبێت.

ڕۆژی 14ـی 11ـی 2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەرکرد.

دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وەک سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت پۆستەکە بەڕێوە دەبات تا کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2024 پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆ بووەوە، سەرەتا 195 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکە بوون، دواتر ژمارەکە بەرز بووەوە بۆ نزیکەی 225 پەرلەمانتار.