بەڕێوەبەری نووسینگەی خامنەیی: وەڵامێکی توند و پڕ ئازارمان بۆ ئیسرائیل دەبێت
سوپای پاسداران: بڕیاری وەڵامدانەوەی ئیسرائیل یەکلایی بووەتەوە
عەلی فەدەوی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت: وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل یەکلایی بووەتەوە و مسۆگەرە. بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەڕەشە دەکات کە وەڵامێکی توندی ئیسرائیل دەدەنەوە.
فەدەوی دەشڵێت: زیاتر لە 40 ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ دوژمنکارییەکارییەکی بەبێ وەڵامدانەوە نەهێشتووەتەوە و تواناشمان هەیە بە یەکجار و لە یەک ئۆپراسیۆندا هەرچی توانا و هێزی ئیسرائیل هەیەتی بپێکین.
فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران ئاماژەی داوە، ئیسرائیل وای بیرکردووەتەوە، کە بە کوشتنی حەسەن نەسروڵلا توانیویەتی بەسەر حزبوڵڵا سەربکەوێت، بەڵام سەرکردەکانی دیکە توانیویانە حزبوڵڵا لە جاران بەهێزتر بکەن.
هەروەها ئاژانسی تەسنیم لە زاری محەممەد محەممەدی گوڵپایگانی بەڕێوەبەری نووسینگەی، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، کە هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆ سەر چەند ناوچەکی خاکی ئێران بە کردەیەکی بێ ئومێد ناو بردووە و ڕایگەیاندووە، کۆماری ئیسلامی ئێران وەڵامێکی توند و پڕ ئازاری بۆ ئیسرائیل دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە کەناڵی هەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، ئێران خۆی ئامادە کردووە بۆ ئەوەی وەڵامێکی توندی هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بداتەوە.
کەناڵە ئەمەریکییەکە زانیارییەکانی لەسەر ناوی سەرچاوەیەکی تایبەت بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی داوە، کە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بەر لە 5ـی تشرینی دووەم و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەبێت.
پێشووتریش وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، کە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بەدوور نازانن و ڕەنگە لەم نزیکانە هێرشەکە بکات.
هەروەها بۆ هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ئیسرائیل بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی ئێران، مایکڵ کۆرێلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا ناسراو بە "سێنتکۆم" دوێنێ چوارشەممە گەیشتە ئیسرائیل.
دوای ئەوەی لە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024، سوپای پاسداران و سوپای فەرمی ئێران بە هەڵدانی 180 مووشەکی بالیسی هێرشیان کردەوە سەر ئیسرائیل بەناوی تۆڵەسەندنەوەی خوێنی هەر یەک لە ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا؛ ئیسرائیل 27ـی ئەم مانگە وەک وەڵامدانەوەیەکی هێرشەکەی ئێران، بە فڕۆکە جەنگی هێرشی کردە سەر چەند ناوەندێکی سەربازی لە ناو خاکی ئێران.