پەیوەندییەکانی ئێران و ئەڵمانیا گرژی و ئاڵۆزیی تێکەوت
حکوومەتی ئێران، باڵیۆزی ئەڵمانیای لە تاران بانگهێشت کرد بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە بڕیاری حکوومەتی ئەڵمانیا بە داخستنی سێ کونسوڵخانەی ئێران لەو وڵاتە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ناڕەزایی بەرانبەر بە بانگهێشت کردنی مارکۆس پۆتزێل باڵیۆزی ئەڵمانیا لە تاران لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە دەڕبڕیوە و ئەو کارەی حکوومەتی ئێران بە کارێکی نا عەقلانی ناوبردووە.
ئەمەش لە کاتێکدا وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهدی هاووڵاتیی ئەڵمانی بە ڕەگەز ئێرانی لە 29ی تشرینی یەکەمی 2024 لەلایەن ئێران، ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بڕیاری دەرکردنی سێ کونسوڵخانەی ئێرانی لە ئەڵمانیا دەرکرد.
بێربۆک لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا داخستنی کونسوڵخانەکانی ئێران لە فرانکفۆرت، میونشن و هامبورگ ڕاگەیاند و گوتی "هەمیشە بۆ تارانمان ڕوون کردووەتەوە، لەسێدارەدانی هاووڵاتی ئەڵمانی لێکەوتەی خراپی دەبێت."
جەمشید شارمەهدی تەمەن 69 ساڵ لە شوباتی 2023 بە تاوانی "بڵاوکردنەوەی پیسی و تاوان" لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری ئێران سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا، دواتر دادگای باڵای ئێران ئەو سزایەی پەسەند کرد.
هەروەها تۆمەتبارکرابوو بە تێوەگلان لە تەقاندنەوەی مزگەوتێک لە ساڵی 2008 لە شاری شیراز لە باشووری ئێران کە بەهۆیەوە 14 کەس کوژران و 300 کەسی دیکەش برینداربوون.