بەرەی مقاوەمەی عێراق: ئەمڕۆ شەش هێرشی جیاوازمان کردە سەر ئیسرائیل

ئەمڕۆ هەینی 1-11-2024، گرووپە چەکدارەکانی عێراق ڕایانگەیاند، لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا شەش هێرشیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووەتە سەر پێگە گرنگەکانی ئیسرائیل.

لە شەش بەیاننامەی جیاوازی گرووپە چەکدارەکان کە لە تێلێگرام بڵاویان کردووەتەوە و دەڵێن: "ئەمڕۆ هەینی، چەکدارانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، دوو هێرشی جیاوازیان بە فڕۆکەوی بێفڕۆکەوان کردووەتە سەر دوو پێگەی گرنگ لە جۆلان".  

لە بەیاننامەیەکی دیکەدا ئاشکرایان کرد، "بەرەی مقاوەمە لە کاتژمێرەکانی ڕابردوودا، هێرشیان کردووەتە سەر سێ پیگەی دیکە لە باشووری ئیسرائیل"، ئاماژەیان بەوەش کرد، "بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، پێگەی گرنگیان لە ناوەڕاستی ئیسرائیل پێکاوە".

بەرەی مقاوەمەی عێراق لە بەیاننامەکانیدا پشتڕاستی کردەوە کە "ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوامن بۆ لەناوبردنی مۆڵگەکانی دوژمن".

بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.