ئەردۆغان: پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان سوودی زۆری بۆ هەردوو وڵاتی تورکیا و عێراق دەبێت

وەزیری گواستنەوەی تورکیا: دیزاینی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان بە ڕێژەی 90% تەواو بووە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق

سەرۆک کۆماری تورکیا لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لە گرنگی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان کرد و جەختی لەوە کردەوە، کە پرۆژەکە سوودی زۆری بۆ هەردوو وڵات دەبێت.

ئەمڕۆ هەینی 1ـی تشرینی دووەمی 2024، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ئیستانبوڵ لە کۆشکی وەحیدەدین کۆ بوونەوە.

سەرۆك كۆماری توركیا باسی لە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان کرد و گوتی: پڕۆژەکە سوودی زۆر بە هەردوو وڵاتی تورکیا و عێراق دەبێت.

ناوبراو جەختی لە گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و هەڵسەنگاندنی هەلی هاوكاری بە تایبەت پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان كە سوودێكی زۆر بۆ هەردوو وڵات دەبەخشێت کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، بە هەموو ئیرادەیەكەوە بۆ بەدیهێنانی ئەمە بەردەوام دەبین لە هەنگاوە پێویستەكان.

هاوکات باسی لەوە کرد، توركیا و عێراق دوو وڵاتی دراوسێی یەكترن و بە پەیوەندییەكی دوو قووڵی مێژوویی و كولتووری بەیەكەوە گرێدراون.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە شاری ئیستانبوڵی توركیا.

هاوکات سەرچاوەیەک لە حکوومەتی عێراق بە مێدیای ناوخۆیی ڕاگەیاند، "سەردانەکەی سوودانی بۆ تورکیا چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت، لەو ماوەیەدا لەگەڵ ئەردۆغان کۆ دەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند دۆسیەیەک کە هەندێکیان پەیوەندییان بە دۆخی ناوچەکە هەیە.

 

وەزیری گواستنەوەی تورکیا: دیزاینی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان بە ڕێژەی 90% تەواو بووە

عەبدولقادر ئورالئۆغلۆ، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا  ڕایگەیاند، دیزاینی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان بە ڕێژەی 90% تەواو بووە، هەروەها پرۆژەی ڕۆڵی دەبێت لە بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو بە ئەورووپا.

ئورالئۆغلۆ، ئاماژەی بەوە دا، بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزاریی وەزیرانی گواستنەوە لەسەر ئاستی چوار وڵات (عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات) کارێکی گرنگ بوو، هەروەها بوونی عێراقیش لەنێو ئەو چوار وڵاتە گرنگییەکی تایبەتی خۆی هەیە.

جەختی لەوەش کردەوە، جیهان ئەمڕۆ پێویستی بە ڕێڕەوێکی دیکە هەیە بۆ ئەوەی وڵاتان و بازرگانی جیهانیی بەیەکەوە ببەسێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری لەم پێناوە هەیە.

وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، دەڵێت: "ئەمڕۆش کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەسەر ئەو پرۆژەیە هەبووە، پێمان وایە پرۆژەکە ڕۆڵێکی گەورەی دەبێت و سودێکی ئابووری بۆ عێراق و تەواوی ناوچەکە دەبێت، بۆیە ئێمە پاڵپشتی پرۆژەکە دەکەین".

 

پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان

ڕێگەی گەشەپێدان، ڕێگەیەکی ئاسنین و ئۆتۆبانی نێودەوڵەتییە لە بەندەری فاوی باشووری عێراقەوە دەست پێ دەکات و دوای ئەوەی ناوچەکانی عێراق دەبڕێت لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلەوە لە دەشتی نەینەوا دەربازی خاکی هەرێمی کوردستان دەبێت بەرەو سێمێل و دەڤەری دێرەبوون دەڕوات تا دەگاتە سنووری تورکیا.

بەپێی خشتەی کۆتایی ڕێگەى گەشەپێدان، بە 11 پارێزگادا تێدەپەڕێت، لە بەندەری فاوەوە دەستپێدەکات و لە خابوور کۆتایی دێت، درێژییەکەى 1200 کیلۆمەتر دەبێت، 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و 6.5 ملیار دۆلاریش تێچووی دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکە دەبێت.

هەروەها پلان هەیە پارێزگای کەرکووکیش بەم ڕێگەیە ببەسترێتەوە و بە گوێرەی پلانەکان ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەم ڕێگەیەوە ساڵانە 22 ملیۆن تۆن دەبێت. ڕێگەکە لە بەندەری فاو تاوەکوو پارێزگای نەینەوا هەزار و 200 کیلۆمەترە لە خاکی هەرێمی کوردستانیش تاوەکوو سنووری تورکیا 117 کیلۆمەترە.

گوژمەی ئەو پرۆژەیە 17 ملیار دۆلارە و وابڕیارە ئەمساڵ دەستپێبكات و لە 2050 کۆتایی پێبێت، درێژی هێڵی ئاسنینەکە بریتییە لە هەزار و 175 کیلۆمەتر و رێگەی وشکانییەکەش هەزار و 190 کیلۆمەتر درێژە، کە بە 11 پارێزگای عێراق و هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت. هەردوو ڕێگەکە هاوتەریب پێکەوە دروست دەکرێن و یەکتر نابڕن، تەنیا لە باکووری پارێزگای کەربەلا نەبێت دەگەنەوە یەک.

ڕۆژی (23ـی ئایاری 2024) وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسنی عێراق و کۆمپانیای جێبەجێکاری ڕێگەی ئاسنینی گەشەپێدان کە کۆمپانیایەکی ئیتاڵییە، یاداشتێکی لێک تێگەیشتنیان ئیمزا کرد، دوای ئەوەی بەغدا ڕەزامەندی نیشاندا کە ئاراستەی ڕێگەی گەشەپێدانی بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕبێت.

ئیمزاکردنی یاداشتەکە لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بوو کاتێک لە 12ـی ئایاری 2024، لە چوارچێوەی سیمپۆزیۆمی تایبەت بە وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووریی و دیمۆگرافی عێراق، بەشداری لە پانێلێک کرد و ڕایگەیاند: ئەوانەی نەخشەی ڕێگەی گەشەپێدانیان پێشنیاز کردووە، پلانێکی هەڵەیە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: پێشنیازمان کردووە ڕێگەی گەشەپێدان بە ڕۆژهەڵاتی دیجلەدا تێپەڕ بێت کە تێچووی کەمتر و سوودی ئابووریی زیاتری دەبێت، نەک وەک ئەوەی بەغدا پێشنیازی کردووە بە ڕۆژئاوای دیجلەدا بڕوات، بەهۆی کەمی چڕی دانیشتووان لەو ناوچەیە، کەمترین سوودی ئابووریی بۆ خەڵک دەبێت.