پارێزگای ورمێ دۆخی پرتەقاڵی کەشوهەوای ڕاگەیاند

بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشوهەوای پارێزگای ورمێ لە سبەی شەممەوە شەپۆلێکی بەفر و باران سنووری پارێزگاکە دەگرێتەوە و بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیش هۆشداری پرتەقاڵی لە سنووری پارێزگاکە دەدات.

سەعید خەلیلی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پێشبینی کەشوهەوای ورمێ ئەمڕۆ هەینی 1ی تشرینی دووەمی 2024 ڕایگەیاند، دوو هەفتە لەمەوبەر یەکەم شەپۆلە باران و بەفر لە سنووری ورمێ دەستی پێکرد، بەڵام دوای هەفتەیەک لە ئاسایی بوونەوەی کەشوهەوا، لە سبەیەوە شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران ناوچە جیا جیاکانی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە.

هەروەها پێشبینی دەکات ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی لە سبەیەوە دەست پێدەکات تاوەکوو ناوەڕاستی هەفتەکە بەردەوام بێت و ناوچەکانی ناوەندی و باشووری پارێزگاکە زیاتر دەکەوێنە ژێر کاریگەریی شەپۆلەکە.

خەلیلی هۆشداری دۆخی پرتەقاڵی داوەتە هاووڵاتییان و داوایان لێدەکات ڕەچاوی ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی بن.

لە بارەی دۆخی کەشوهەوای 24 کایژمێری ڕابردووشدا ئاماژەیداوە، شاری شنۆ بە سێ پلەی ژێر سفر ساردترن ناوچەی ورمێ بووە، هاوکات بۆکان و شاهیندژ بە 19 پلەی سیلیزی بە گەرمترین ناوچە تۆمارکراون.