خامنەیی: وەڵامێکی وێرانکەرمان دەبێت

عەلی خامنەیی، ڕێبەریی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران
عەلی خامنەیی، ڕێبەریی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران

ڕێبەریی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران دووپاتی دەکاتەوە "وەڵامدانەوەیەکی وێرانکەر'-یان بۆ هێرشەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئیسرائیل بۆ سەر پێگە سەربازییەکانیان دەبێت." 

شەممە، 02-11-2024، عەلی خامنەیی، ڕێبەریی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هەڕەشەی توندی لە ئیسرائیل و ئەمەریکا کرد و ڕایگەیاند 'وەڵامدانەوەیەکی وێرانکەر'ـیان بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەیان دەبێت. 

بەرەبەیانیی ڕۆژی 26ـی ئۆکتۆبەر، ئیسرائیل بە چەند قۆناغێک ژمارەیەک پێگە و بنکەی سەربازیی سوپای پاسدارانی لەنێو خاکی ئێران بۆمباران کرد و بەهۆیەوە لانیکەم پێنج کەس کوژران. 

خامنەیی لە بەشێکی پەیامەکەیدا گوتی: "دوژمنان چ ڕژێمی زایۆنیستی یان ئەمەریکا، وەڵامێکی ماڵوێرانکەر وەردەگرن لە بەرانبەر ئەو کارانەی دژی ئێران و بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی دەیکەن."

ڕێبەریی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران وردەکاریی سەبارەت بە کات و مەودای وەڵامدانەوە سەربازییەکەیان ئاشکرا نەکرد. 

ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) ڕایگەیاند "لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی هاووڵاتی و هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرگریی لە ئیسرائیل و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە، وەزیری بەرگریی فەرمانی داوە بە زیادکردنی بەرگریی مووشەکی بالیستیکی و هێزی سەربازیی و جێگیرکردنی چەند فڕۆکەیەکی جۆری B-52 لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."