ساڵی کوشتنی رۆژنامەنووسان

رۆژنامەنووسان لە کاتی رووماڵی گرژی و ئاڵؤزییەکان
رۆژنامەنووسان لە کاتی رووماڵی گرژی و ئاڵؤزییەکان

لیژنەی بەرگریی لە رۆژنامەنووسان بڵاوی کردەوە، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا، 108 ڕۆژنامەنووس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لوبنان کوژراون.

لیژنەی بەرگریی لە رۆژنامەنووسان بڵاوی کردەوە، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاکوو ئێستا، 108 رۆژنامەنووس و کارمەندی میدیایی دامەزراوەکانی میدیا بە هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون، وەک لیژنەکە ئاشکرای کردووە، 103 رۆژنامەنووس لە فەڵەستین، دوو رۆژنامەنووسی ئیسرائیلی، سێ رۆژنامەنووسی لوبنان بەهۆی ئەو هێرشانەوە کوژراون، سەرباری ئەوەی 32 رۆژنامەنووسی دیکەش برینداربوون و دوو رۆژنامەنووسیش بێ سەروشوێنن، 44 رۆژنامەنووسیش لەلایەن سووپای ئیسرائیلەوە دەستگیر و دەستبەسەر کراون.

لێژنەکە ڕایگەیاندووە، سەرباری کوشتنی رۆژنامەنووسان، سوپای ئیسرائیلی هێرشی کردووەتە سەر خانەوادەکانیشیان و هەڕەشەی لێکردوون و بەردەوام چاودێریشیان دەکات، دەشڵێت: رۆژنامەنووسان لە کەرتی غەززە بە تێکڕا ژیانیان لە مەترسیدایە.

یونسکۆ لە راپۆرتێکدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کۆتاییهێنان بە لێخۆشبوون لە تاوانەکانی دژ بە رۆژنامەنووسان دەڵێت، زۆرینەی کوشتنی رۆژنامەنووسان لە جیهاندا بەبێ سزا ماونەتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، سکرتێری گشتی یونسکۆ، ئۆدری ئازولای دەڵێت لە ساڵانی 2022 و 2023 هەر چوار ڕۆژ جارێک رۆژنامەنووسێک تەنها لەبەر ئەنجامدانی کارە گرنگەکانی بۆ گەڕان بەدوای ڕاستیدا دەکوژرێت.

ئاماژەی بەوەدا کە لە ساڵی 2006 ەوە لە سەدا 85 ی کوشتنی رۆژنامەنووسان، لەلایەن یونسکۆوە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023 دا زۆرترین رۆژنامەنووسان لەسەر ئاستی لە جیهاندا لە فەڵەستین تۆمار کراوە.

هەر لەو بارەوە، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز لە پەیامێکی بەو بۆنەیە ڕایگەیاند: ساڵانی ڕابردوو ژمارەی رۆژنامەنووسانی  کوژراو لە ناوچە پڕ لە کێشەکان بووە، بەیابەتیش لە کەرتی غەززە کە زۆرترین ژمارەی رۆژنامەنووسان و کارمەندانی میدیایی لێ کوژراوە.

گوتیرێس ئاماژەی بەوەدا کە پەیماننامەی داهاتوو کە لە مانگی ئەیلولدا پەسەند کرا، داوای ڕێزگرتن و پاراستنی رۆژنامەنووسان و میدیاکاران و کارمەندانی پەیوەندیدار دەکات کە لە بارودۆخی شەڕی چەکداریدا کار دەکەن.

داوای لە حکومەتەکان کرد ئەم ئەرکانە جێبەجێ بکەن بە گرتنەبەری هەنگاوی بەپەلە بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و لێکۆڵینەوە و دادگایی کردنی ئەو تاوانانەی لە هەموو شوێنێک بەرامبەریان ئەنجامدراوە.