ئەمەریکا کەشتی نوێی سەربازیی بۆ بەرگریی لە ئیسرائیل ڕەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

کەشتیی جەنگیی ئەمەریکا
کەشتیی جەنگیی ئەمەریکا

هیچ پێناچێت بارودۆخەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێور ببێتەوە، بەتایبەت دوای بەردەوام بوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و نەهێشتنەوەی هیچ ئومێد و ئاسۆیەک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە کەرتی غەززە، هەڕەشەکانی ئێرانیش بۆ سەر ئیسرائیل، گرژییەکان زیاتر دەکات، بۆیە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بڕیاریدا کەشتیەکەی دیکەی نوێی سەربازیی ڕەوانەی ناوچەکە بکات کە کەشتیەکەی جەنگییە و کاتیۆشای بەهێزی لەسەرە، سەرباری ئەوەی فڕۆکەهەڵگرە.

لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ،وڵاتەکەی فڕۆکە و کەشتی جەنگی و هێزی دەریایی زیاتر دەنێرێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. گوتیشی ئێستا کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگر لە ئامادە باشیدایە بۆ ڕۆیشتن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمەریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، فڕۆکەی بۆمب هاوێژی ستراتیجی B-52 و فڕۆکەی جەنگی و وێرانکەری دەریایی دەنێرێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک بەشێک لە هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

پات رایدەر گوتەبێژی پنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، وەزیری بەرگری لوید ئۆستن فەرمانی دەرکردووە کە فڕۆکەی بۆمب هاوێژی جۆری B-52 و فڕۆکەی جەنگی وێرانکەری هێزی دەریایی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت.