ئەمەریکا و ژاپۆن و کۆریای باشوور مانۆری ئەتۆمی دەکەن

مانۆری هاوبەشی ئەمەریکا و کۆریای باشوور (وێنە: ئەرشیف)
مانۆری هاوبەشی ئەمەریکا و کۆریای باشوور (وێنە: ئەرشیف)

دەستەی سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای کۆریای باشوور ڕایگەیاند "ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2024، مانۆرێکی هاوبەشی ئاسمانییان لەگەڵ هێزی ئاسمانی هەر یەک لە ئەمەریکا و ژاپۆن دەست پێ کردووە، کە فڕۆکە بۆمبهاێژە ئەتۆمییەکان تێیدا بەشدارن."

دەستەکە بڵاوی کردووەتەوە "لە مانۆرەکەدا، فڕۆکەی بۆمبهاوێژی ئەمەریکی جۆری (B-1B)، لەگەڵ فڕۆکە جەنگییەکانی کۆریای باشوور لە جۆری (F-15) و (F-16) و فڕۆکەی جەنگی (F-2)ی ژاپۆنی بەشدارن."

ئاماژەشی داوە "مانۆرەکە، لە نیمچە دوورگەی کۆریا  ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و تاقیکردنەوە لەسەر وردی و خێرایی پێکانی مەبەستەکان و توانای بەرەنگاربوونەوەی هێرش و هەڕەشە ئەتۆمییەکان دەکرێت."

ئەم مانۆرە هاوبەشە، تەنیا دوای سێ ڕۆژ لە تاقیکردنەوەی مووشەکێکی نوێی بالیستی کیشوەر بڕ لەلایەن کۆریای باکوورەوە دێت، کە هێزی هەڵدانەکەی لە سووتەمەنی ڕەق سەرچاوەی گرتووە و بە گوتەی پسپۆڕانی بواری سەربازی، ئەو مووشەکەی بیۆنگ یانگ تاقیکردووەتەوە توانای گەیشتنی بۆ خاکی ئەمەریکا هەیە."

هەر لە بارەی مانۆرەکە، دەستەی سەرۆکایەتیی هێزە هاوبەشەکانی کۆریای باشوور گوتی: "مانۆرکە دەرخەری پتەوی هاوپەیمانێتی سیئۆل و واشنتنە بۆ وەڵامدانەوە و بەرپەرچدانەوی هیەر هەڕەشەیەکی سەربازی و بەکارهێنانی چەکی ناوەکی لەلایەن کۆریای باکوورەوە."