بزووتنەوەی نوجەبا: ئێران مافی خۆیەتی لە خاکی عێراقەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل

بزووتنەوەی نوجەبا: هێرشەکانمان بۆ سەر ئیسرائیل ڕاناگرین

سەرکردەیەکی گرووپی میلیشیای بزووتنەوەی نوجەبا کە باڵێکی دەستەی حەشدی شەعبی و گرووپی بەناو مقاوەمەی ئیسلامییە لە عێراق و لە لایەن ئەکرەم کەعبی سەرۆکایەتیی دەکرێت، ڕایگەیاندوە "ئامادەکارییان کردووە لە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل هەموو هاوکارییەکی ئێران بکەن."

حەیدەر لامی، ئەندامی دەستەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی نوجەبای بە ڕۆژنامەی ئەخباری لوبنان گوتووە: "ڕژێمی ئیسرائیل ئەو کاتەی هێرشی کردە سەر ئێران، ئاسمانی عێراقی بەزاند و پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکانی کردووە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی عێراق و ئەمەریکا ڕێککەوتنێکی ئەمنییان هەیە، بەڵام واشنتن لەو هێرشەی سەر ئێران هاوکاری ئیسرائیلی کردووە."

لامی دەڵێت: "کۆماری ئیسلامیی ئێران مافی خۆیەتی لە هەر خاڵ و ناوچەیەکی عێراقەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و ئامانجەکانی بپێکێت."

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەرپرسێکی سوپای ئەمەریکا بە ئاژانسی ئەسیۆشێیتد پرێسی ڕاگەیاندووە و هۆشداریی لە زیادبوونی هێرشی گرووپە میلیشیاکانی عێراق بۆ سەر ئیسرائیل داوە و بەدووریشی نازانێت ئیسرائیل وەڵامێکی توند و ڕاستەوخۆی ئەو گرووپانە بداتەوە.

هەروا ئاماژەی داوە "مقاوەمەی ئیسلامی عێراق بەشێکە لە میحوەری مقاوەمە کە ئێران ڕابەڕایەتی دەکات، هەربۆیە بزووتنەوەی نوجەبا هەموو ئامادەکاریی و هەماهەنگییەکی لەگەڵ ئێران کردووە بۆ ئەوەی لە کات و شوێنی گونجاو وەڵامی ئیسرائیل بدەنەوە."

سەرکردەکەی نوجەبا ڕاشیگەیاندووە، "هەڕەشەکانی ئیسرائیل، بەرەی مقاوەمەی عێراق ناترسێنێت، هەربۆیە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل ڕاناگرن و بە درۆنە پێشکەوتووەکان ناوچە هەستیارەکانی ئیسرائیل دەپێکن."

سەبارەت بە هێرشەکانی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق، حەیدەر لامی ئاماژەی داوە "لەم دۆخەی ئێستادا ئەولەوییەتی هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیلە، دواتر بنکەکانی ئەمەریکا، چونکە ئیسرائیل لە زمانی دانووستان و دیپلۆماسییەت تێ ناگات، هەربۆیە دەبێت زەبری هێز و چەک لە دژی بەکار بهێنرێت."

هەروەها هەفتەی ڕابردوو عەلی فەدەوی، جێگری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندبوو "زیاتر لە 40 ساڵە کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ دوژمنکارییەکارییەکی بەبێ وەڵامدانەوە نەهێشتووەتەوە و توانایان هەیە بە یەکجار و لە یەک ئۆپراسیۆندا هەرچی توانا و هێزی ئیسرائیل هەیەتی بپێکن."

هەر لە بارەی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، محەممەد محەممەدی گوڵپایەگانی، بەڕێوەبەری نووسینگەی، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە  "کۆماری ئیسلامی ئێران وەڵامێکی توند و پڕ ئازاری بۆ ئیسرائیل دەبێت."

ئیسرائیل 27ـی مانگی ڕابردوو وەک وەڵامدانەوەیەکی هێرشەکەی ئێران، بە فڕۆکە جەنگی هێرشی کردە سەر چەند ناوەندێکی سەربازی لە ناو خاکی ئێران.

سەبارەت بە دوورخستنەوەی عێراق لە شەڕی ئیسرائیل. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرزی ئەمەریکی، نەک هەر محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق نەیتوانیوە گرووپە میلیشیاکان ڕازی بکات بۆ ئەوەی هێرشەکانیان لە دژی ئیسرائیل ڕابگرێت، بەڵکو به‌رپرسانی عێراقیش له‌ دوو مانگی ڕابردوودا، دوو جار سه‌ردانی ئێرانیان كردووه‌ بۆ ئەوەی جڵەوگری گرووپە میلیشیاکان بکات و هێرشەکانیان سەر ئیسرائیل ڕاگرن، به‌ڵام لە ڕازی کردنی ئێران و گرووپە میلیشیاکانیش شکستیان هێناوه‌.